شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا رای گەیاند كە دادگەی عێراق و بڕیارەكانی بەسیاسیانە كراون بۆ بەرژەوەندی نەیارانی كورد و دووپاتی كردەوە كە ریفراندۆم بە بڕیاری سەركردایەتی هەرێمی كوردستان نەبێت هەڵناوەشێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند كە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگەی فیدراڵ بە رەتكردنەوەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، بڕیارێكی ناپێوەندیكراوە بۆ ئێمە و هیچ بەهایەكی نییە.
زیاتر گوتی، ئێستە لە عێراق دادگە بەسیاسی كراوە و بڕیارەكانی بۆ ئێمە جێی پێوە پابەندی نییە، چونكە بۆ بەرژەوەندی چەند لایەنێكی دیاریكراو دەدرێت كە هەڵوێستەكانیان دژایەتییە بۆ كورد.
عەبدوڵا زیاتر گوتی، ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵ هیچ بەهایەكی یاسایی نییە و لە بڕیارەكەی پێشووی بە رەتكردنەوەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگەكانی كەركووك جیاوازی نییە و ئاماژەی كرد كە دادگەی فیدراڵ بۆی نییە ریفراندۆم بوەستێنێت و ئەو دەسەڵاتەشی نییە.
دووپاتی كردەوە، لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بەردەوام دەبین و تەنیا بە بڕیاری سەركردایەتی سیاسیی هەرێمی كوردستان هەڵ دەوەشێتەوە، بێجگە لەوە لەكاتی خۆی بەڕێوە دەچێت و بڕیارەكەی دادگەی فیدڕاڵیش بۆ ئێمە گرنگ نییە.
ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی عێراق بڕیارێكی دەركرد بە وەستانی رێوشوێنەكانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و دووپاتیشی كردەوە كە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم نا دەستوورییە.