لە دەروازەكانی كەركووك بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ درا

:: AM:10:03:19/09/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركووك بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆی لە شارەكە ڕاگەیاند بۆ ماوەیەكی نادیار و سەرجەم دەروازەكانی شاریش دادەخرێن.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، ئەفراسیا كامیل گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركووك لە بەیاننامەیەكی ڕای گەیاندووە، بڕیار دراوە بە داخستنی سەرجەم دەروازەكانی شار و هاتن و چوون تیایدا قەدەغە دەكرێت.

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، ئەو بڕیارە تا كاتێكی نادیارە.

قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە كاتێكدایە شەوی ڕابردوو لە بەردەم بارەگای تەلەڤزیۆنی بەرەی توركمانی لە كەركووك، دەستدڕێژی فیشەك لە بانگەشەكارانی كورد دەكرێت، لە ئاكامدا هاووڵاتییەك شەهید دەبێت كە پلەی نەقیبی پێشمەرگەیە و دوو هاووڵاتی تریش بریندار دەبن.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" لەو كاتەی بانگەشەكارانی كورد بە ماتۆڕسكیل، بە بەردەم بارەگای تەلەڤزیۆنەكەدا تێپەڕیون، پاسەوانانی بارەگاكە دەستڕێژی فیشەكیان لێ كردوون و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەك شەهید بووە.

ئێستە بانگەشەی كورد لە شاری كەركووك دەستی پێ كردووە بۆ پاڵپشتی سەربەخۆیی كوردستان و بوون بە دەوڵەت.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.



وشە - رامیار جەواد