دانیشتنی پەرلەمانی عێڕاق كێشەی تێكەوت

:: PM:02:29:19/09/2017 ‌
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق كە تایبەت بوو بە دەنگدان بۆ ئەندامانی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن كێشەی تێكەوت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" شەڕە قسەكە لە نێوان پەرلەمانتار "فایەق شێخ عەلی" و سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەسەر پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی كۆمسیارانی نوێ بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دروست بووە.

زانا ڕۆستایی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زانیارییەكانی "وشە"ی پشتڕاست كردەوە.

دوێنی ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كورد دوای دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق دەگەڕێتەوە كوردستان و ئەم دانیشتنەی ئەمڕۆیشی بە ئاسایی نەزانی، چونكە ماوەی دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ئەم هەفتەیە تەواو بووە.

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق دوێنێ دووشەم لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان، دوو بژاردەی خستە ڕوو بۆ چارەسەركردنی پرسی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ئەوانیش یان درێژكردنەوەی ماوەی ئەو خولەی كۆمسیۆن یانیش دەنگدان بەم كەسایەتییانەی كە لیژنەی شارەزایان هەڵیانبژاردوون.

جێی بیرخستنەوەیە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، سبەی چوارشەم 20ی ئەیلوول بە فەرمی ماوەی یاسایی تەواو دەبێت، لە ئەگەری نەگەیشتنە رێككەوتنی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق، ئەوا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەچێتە بۆشایی یاسایی.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم