بەرهەم ساڵح: دەنگم لەگەڵ دەنگی زۆرینەی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆییە

:: PM:05:49:19/09/2017 ‌
د.بەرهەم ساڵح سەرۆكی‌ قەوارەی‌ "هاوپەیمانی‌ دادپەروەری‌ و دیموكراسی"،‌ پەیامێكی لەبارەی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بڵاو كردەوە و رای گەیاند، هیچ گومانی تێدا نییە، گەلی كوردستان خاوەنی مافی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیەتی. بێ دوودڵی دەنگ و هاودیدەكانمان، لەگەڵ دەنگی زۆرینەی گەلی كوردستان، بۆ سەربەخۆییە.
 
ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئەیلوول، د.بەرهەم ساڵح سەرۆكی‌ قەوارەی‌ "هاوپەیمانی‌ دادپەروەری‌ و دیموكراسی"،‌ لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، هیچ گومانی تێدا نییە، گەلی كوردستان خاوەنی مافی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیەتی و بێ دوودڵی دەنگی من و هاودیدەكانمان، لەگەڵ دەنگی زۆرینەی گەلی كوردستان، بۆ سەربەخۆییە.

بەرهەم ساڵح زیاتر گوتی، دەسەڵاتی باش و دادپەوەر و حوكمڕانی باش، ئامڕازی بەجێگەیاندنی سەربەخۆییە و "بەڵێ"ی ئێمە بۆ سەربەخۆیی پێداگرییە لەسەر حوكمڕانی باش و دادپەروەری خزمەتگوزاری هاووڵاتییان، پێداگریە لەسەر یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و دامەزراوەكانی حوكمڕانی دیموكراتی.

ئاماژەی بەوە كرد، دایەلۆگ لەگەل بەغدا و دراوسێكان و كاركردن لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە، بۆئەوەی سەربەخۆیی كوردستان ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و ئاشتەوایی بۆ گەلی كوردستان و بۆ ناوچەكە.

"سەربەخۆیی تەنیا بۆ ئەم نەوەیە نییە، گەنجانی ئەم وڵاتە و نەوەكانی داهاتوو لەگەڵ ئاكامی بڕیاڕی ئەمڕۆمان دەژین، بۆیە دەبێت بە بەرپرسیاریەتییەوە هەنگاو بنێین، دایەلۆگ و تیگەیشتنمان لەگەڵ گەلانی دراوسێ پێویستە بۆ دورخستنەوەی كوردستانی ئەمڕۆ و ئایندە لە ئاشووب و شەڕ"، بەرهەم ساڵح وا دەڵێت.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم