بەڕێوەبردنی كەرتی ئاو لە كوردستان دەدرێتە كۆمپانیاكان

:: PM:06:04:19/09/2017 ‌

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە هەرێمی كوردستان دەداتە كۆمپانیاكان و لەهەر پارێزگایەك بەجیا بەڕێوە دەبرێت، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانیش دەڵێت، پێدانی كەرتی ئاو و ئاوەڕۆ بە كۆمپانیا بۆ ئەوەیە تا ئەو خزمەتگوزارییە باش بكرێت و كێشەی ئاو چارەسەر بكرێت.
 
سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاگەداری بەڕێوەبەری هەرسێ ئاوی پارێزگاكانی هەرێم، پڕۆژەیەكی بۆ پێدانی بەڕێوەبردنی ئاوی هەرێم بە كۆمپانیا ئامادە كردووە.
 
زیاتر گوتی، لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم پڕۆژەكە لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەوە بەڕێوە دەبرێت بە ناوی پڕۆژەی ئاو ئاوەڕۆكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك، هەر پارێزگایەك بۆخۆی كار دەكات و كاری بەسەر پارێزگایەكی تردا نابێت، روونی كردەوە، وەك ئێستە نابێت كە بۆ نووسراوێك دەبێت، بچێتە بەڕێوەبەری گشتی و دواتر وەزارەت و دواتر بچێتە ئەنجوومەنی وەزیران، هەر كۆمپانیایەك و لە پارێزگای خۆی كار دەكات.
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی سلێمانی روونی كردەوە، مەبەست لە پێدانی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم بە كۆمپانیاكان بۆ باشكردنی ئاوی خواردنەوەی پارێزگاكان و چارەسەركردنی ئەو كێشەیە دەبێت.
 
هەرەها گوتی، سەرجەم كارەكانی دابەشكردن و كۆكردنەوەی ئاو لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەوە بەڕێوە دەبرێت و دابەشكردنی مووچەش دەمێنێت بۆ كۆمپانیا و سەرۆكی كۆمپانیا و ئەنجوومەنی كۆمپانیا كە خۆیان شتەكان دیاری دەكەن.
 
بەڕێوەبەری گشتی ئاوی سلێمانی ئاماژەی دا، داهاتی ئاوی پارێزگاكە لە یەك ساڵدا شەش ملیار دینار دەبێت، بەڵام ئێستە چونكە هاووڵاتییان زۆر پارەی ئاو نادەن، پارەی كەم كۆ دەبێتەوە.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل