ئاهەنگی هاوسەرگیری دەكەنە ئاهەنگی سەربەخۆیی كوردستان

:: PM:06:14:19/09/2017 ‌
چالاكوان و نووسەرێكی سیاسی كورد لە ڕۆژئاوایی كوردستان ڕۆژی هاوسەرگیری بۆ پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان تەرخان كرد.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئەیلوول، بارزان شێخووس چالاكوان و نووسەری سیاسی كورد لە ڕۆژئاوایی كوردستان بە ''وشە'' راگەیاند، دەمەویست لەم ڕۆژەدا پەیامێك بە دنیا بگەیەنم بۆ ئەوەی هەمووان بزانن دەمانەوێت سەربەخۆ بین و و هانی كوردانی تەواو دنیا بدرێت پشتگیری لەو پڕۆسەیە بكات.

"ئاهەنگەكەم لە گوندی ''جومەیلیە''ی سەر بە شاری تەل تەمەر بوو، تێدا درووشمێك و نامەیەكمان بۆ بارزانی بەرێ كرد و رامانگەیاندبوو كە خۆشی گەورەمان راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستانە و "بەلێ" بۆ سەربەخۆیی كوردستان". شێخووس وا دەڵێ‌.
 
روونی كردەوە كە دەمانەوێت كوردستان سەربەخۆ بێت و كوردستان ببێتە ماڵی هەموو كوردێك، چونكە سەربەخۆیی كوردستان بۆ كوردانی هەر چوارپارچەی كوردستانە.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.

وشە/ كاروان باعەدری






وشە - سه‌رخێڵ هاشم