قۆناغێكی تری پارەی تواناسازی خەرج دەكرێت

:: PM:07:21:19/09/2017 ‌
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خەرجكردنی بڕی ملیۆنێك و 184 هەزار و 932 دۆلاری ئەمەریكی وەك قۆناغی هەشتەمی شایستەی دارایی خوێندكارانی بەرنامەی تواناسازی ڕاگەیاند، كە تیایدا 53 خوێندكاری تواناسازی سوودمەند دەبن.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئەیلوول، عەباس ئەكرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەنراوێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دوای ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی بڕی 30 ملیۆن دۆلار بۆ خوێندكارانی تواناسازی درا، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی دابەشكردنی شایستە داراییەكانی خوێندكارانی بەرنامەی تواناسازی بڕیاری دا بە خەرجكردنی قۆناغی هەشتەمی شایستەی داراییەكانی خوێندكارانی بەرنامەی تواناسازی.

 زیاتر گوتی، قۆناغی هەشتەمی شایستەی دارایی خوێندكارانی بەرنامەی تواناسازی بڕەكەی بریتیە لە ملیۆنێك و 184 هەزار و 932 دۆلار، بۆ ئەوەش بڕە پارەكە بە یەك قۆناغ لە ڕیگەی چەكی بانكییەوە خەرج دەكرێت و تیایدا 53 خوێندكاری بەرنامەی تواناسازی لە زانكۆكانی دنیا لێی سوودمەند دەبن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرجەم ئەو خوێندكارانەی بەرنامەی تواناسازی ئاگەدار دەكاتەوە كە ناویان لە لیستی ژمارە هەشتی ساڵی (2017) هاتووە و ژمارەیان 53 خوێندكارە، ڕۆژی چوارشەم 20ی ئەیلوول سەردانی ژووری ژمارە44ی بەشی یاسایی و ژووری ژمارە56ی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بكەن بۆ وەرگرتنی چەكی سەرفكردنی شایستە داراییەكانیان.

دوای ئەوەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی بڕی 30 ملیۆن دۆلار بۆ خوێندكارانی بەرنامەی تواناسازی دەربڕی، بەتایبەت ئەوانەی ئێستە لە پڕۆسەی خوێندندان، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی خوێندكارانی بەرنامەی تواناسازی بڕیاری داوە كە پارەكە قۆناغ بە قۆناغ خەرج بكات.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم