سبەی سلێمانی كەڕنەڤاڵی بەڵی بۆ سەربەخۆیی ساز دەكات

:: PM:08:05:19/09/2017 ‌

بڕیارە سبەی چوارشەم شاری سلێمانی، شاری هەڵمەت و قوربانی و شێخی نەمر، كەرنەڤاڵێكی گەورەی "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە عێراق ساز بكات، سەرۆكی لیژنەی تەناهی سلێمانیش دووپاتی دەكاتەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری دەكات و دێتە سلێمانی.
 
عەتا شێخ حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەعات 3ی پاش نیوەڕۆی سبەینێ چوارشەم لەسەر یاریگەی نێودەوڵەتی سلێمانی، كەرنەڤاڵێكی گەورە بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم و دەنگدان بە "بەڵێ" ئەنجام دەدرێت.
 
زیاتر گوتی، لەو كەرنەڤاڵەدا سەركردەكانی باڵای سیاسی و ڕابەرە گەورەكانی نەتەوە بەڕێوە دەچێت و هاووڵاتییەكی زۆر بەشداری دەكەن، لە بارەی بەشداریكردنی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێم لەو كەرنەڤاڵەدا ئاماژەی كرد، "ناتوانین بڵێین ئامادە دەبێت یان نا".
 
لای خۆیەوە دانا جەزا، سەرۆكی لیژنەی تەناهی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئامادەسازی تەواو لە ڕووی تەناهییەوە بۆ ئەو كەرنەڤاڵەی سبەینێ كراوە و لە تەواوی ناوچەكان هێزە تەناهییەكان بڵاوەیان پێ دەكرێت تا ئاسایشی هاووڵاتییان بپارێزن.
 
دووپاتی كردەوە، لەو كەرنەڤاڵەدا مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری دەكات و دێتە سلێمانی و لەناو هاووڵاتییاندا وتاری تایبەتی دەبێت. روونی كردەوە، كەرنەڤاڵەكە ئامادەسازی زۆری بۆ كراوە و یەكێك دەبێت لە كەرنەڤاڵە گەورەكان.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل