لە مێژووی ئەدەبی جیهانیدا هێندێك لە نووسەرانی ژن هەن، كە بەهۆی بارودۆخی كۆمەڵایەتییەوە، لەبری ناوی ڕاستەقینەی خۆیان، ناوی پیاوانیان بەكارهێناوە. بەشێك لەوانە كارەكانیان بەو مەبەستە كردووە، كە ئەگەر خوێنەران بیانزانیبایە نووسەرانی دەقەكان ژنن، ئەوا گرنگییەكی وایان پێ نەدەدا. بەشێكی تریشیان بۆ ئەوەی خۆیان بسەلمێنن، ئەم كارەیان كردووە.
بەرای ژنەنووسەری ئینگلیزی ناسراو (ڤێرجینا وۆڵف)، ئەم مەسەلەیە لەوەوە سەری هەڵداوە لە كۆمەڵگە پیاوسالاریەكاندا، هیچ دەستكەوتێكی ژنان بەهەند وەرنەگیراوە، بۆیە ژنانیش ناچار بوون خۆیان لەپشت ناوێكی پیاوانەوە بشارنەوە و پەرە و گەشە بە تواناكانیان بدەن.
ئەم ناو گۆڕینە سەركەوتنی بەدەست هێنا، هەروەها بوونی ژنانیشی سەلماند، كاری ئەم چەند ژنەی لە ئەدەبدا، بە نەمری هێشتەوە. هەروەها وای كرد، زۆرێك لەو كارانە بكرێنە شانۆگەری و وەك فیلم سوودی لێ وەربگیرێت. لێرەدا چەند ئەدیبێك دەخەینە بەر باس، لەوانە:
لویزا مای ئەلكۆت
لویزا ئەلكۆت، بەیەكێك لە بەناوبانگترین نووسەرانی سەتەی 19 هەژمار دەكرێت. سەرەتای كاری ئەدەبی، بەناوی (ئەی. ئێم. بارنەرد)ەوە بابەتەكانی بڵاو دەكردەوە، بۆ ئەوەی خۆی دوور بگرێت لە پەرچەكرداری كۆمەڵگەی ئەمەریكایی، لەو سەردەمەدا خەڵكی بە چاوێكی ترەوە سەیری ئەدەبی ژنانەیان كردووە. ئەلكۆت لە نووسینەكانیدا، ئازار و هەموو ژانەكانی ژنان و مناڵانی پێشان دەدا، پاش ماوەیەك لە بەكار هێنانی ناوی (بارنەرد)، بەرهەمەكانی دواتری بەناوی خۆیەوە بڵاو كردەوە.
ماری ئان ئیڤانس
ڕۆماننووسی ئینگلیزیی (ماری ئان ئیڤانس)، بە یەكێك لە بەناوبانگترین نووسەرانی "چاخی ڤیكتۆری" هەژمار دەكرێت. ئەو بەناوی (جۆرج ئیلیۆت)ەوە هاتە ناو كایەی ئەدەبەوە، بۆ ئەوەی نووسینەكانی بەهەند وەربگیرێت. پاش بڵاوكردنەوەی ڕۆمانی (ئادەم بید) لە ساڵی 1859دا، ناوبانگێكی زۆری پەیدا كرد و دەستخۆشییەكی زۆری بۆ هات، هەر بۆیە ئەویش ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی ئاشكرا كرد، بەڵام دوای ئەوەش لە بڵاوكردنەوەی كارە ئەدەبییەكانیدا، هەر ناوی (جۆرج ئیلیۆت)ی بەكار دەهێنا.
چارلۆت بڕۆنتی
ڕۆماننووس و شاعیری ئینگلیزیی (چارلۆت بڕۆنتی)، نووسەری ڕۆمانی (جین ئاییەر) یەكێكە لە بەناوبانگترین ڕۆمانەكانی مێژوو، لەژێر ناوی (كیۆر بیڵ) خۆی مەڵاس دابوو، ئەویش بەو هۆیەی كە پێی وابوو لەرێگەی ئەم ناوەوە دەتوانێت كارەكانی باشتر برەو پێش ببات. ڕۆمانەكەی برۆنتی، پاشان بەناوی ڕاستەقیەنی خۆیەوە بڵاوكرایەوە، تا ئێستایش وەك ڕۆمانێكی گرنگ و خاوەن ناوبانگ دەخوێنرێنەوە.
ئیمیلی بڕۆنتی
نووسەری ڕۆمانی ناسراوی (بەرزایەكانی ویزەرنیگ)، بەناوی راستەقینەی خۆیەوە ڕۆمانەكەی بڵاو نەكردەوە، بەڵكوو ناوێكی پیاوانەی بۆ هەڵبژاردبوو، كە (ئەلیس بەیڵ) بوو. وەك خۆی ئاماژەی بۆ كردووە، بۆیە ناوێكی پیاوانەی هەڵبژاردووە، بۆ ئەوەی بەهۆی ڕەگەزەكەیەوە كەس لایەنگیری بۆ ڕۆمانەكەی نەكات. پاش كۆچی دوایی ئیمیلی بڕۆنتی، خوشكەكەی جارێكی دیكە بە رۆمانەكەی دا چوەوه و بەناوی ڕاستەقینەی (ئیمیلی بڕۆنتی) بڵاوی كردەوە، ئێستەیش به یەكێك لە دیارترین و نایابترین ڕۆمانەكانی ئەدەبی كلاسیكیی ئینگلیزی هەژمار دەكرێت.
ئەمانتین ئورۆر لوسێل دوپین
ئەم ژنە نووسەرە فڕەنساییە، لەژێر ناوی (جۆرج ساند)، بەرهەمەكانی خۆی بڵاو دەكردەوە. ئەو، كە كچی خێزانێكی ئەرستۆكراتی خانەدانی فڕەنسایی بوو، لەپاڵ نووسینی ئەدەبی، وتار و شیكاریی سیاسی و ڕەخنەیی دەنووسی و هەر وەك چالاكوانێكی دیاری بزووتنەوەی ژنانیش كاری دەكرد. گەرچی بەناوی پیاوانەوە دەینووسی، بەڵام لەلایەن بەشێكی زۆری خوێنەرانەوە ناسراو و ئاشكرا بوو.
نیلی هارپەر لی
ژنە نووسەری ئەمەریكایی، لە بڵاوكردنەوەی تاكە ڕۆمانەكەی دا، تەنیا ناسناوەكەی دانابوو و ناوی یەكەمی خۆی نەنووسیبوو، بۆ ئەوەی بەگرنگییەوە وەربگیرێت. ڕۆمانەكەی نیلیی، (كە باڵندەیەكی بێتاوان دەكوژیت)، ئەم ڕۆمانەی تایبەتە بە پرسی رەگەزپەرستی لە یەكێك لە شارەكانی ئەمەریكادا، دواتر بە یەكێك لە باشترین و سەركەوتووترین ڕۆمانەكانی ئەمەریكا دەستنیشان كرا، بەم هۆیەشەوە خەڵاتی «پۆلیتەرز»ی پێ بەخشرا.
ئەلیس شیلدۆن
ئەلیس شیلدۆن كارەكانی خەیاڵی زانستی لەژێر ناوی (جیمس تێبتری) بۆ شاردنەوەی ڕەگەزنامەكەی، نووسیوە. لەگەڵ ئەوەی وەك دەرفەتێكی نووسین خەیاڵی زانستی بە دەستەوە گرتبوو، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا، خوێنەر بۆی ئاشكرا، كە ناوی (جیمس تێبتری) ناوێكی خوازەیە و ناوی ڕاستەقینە نییە. دواتر بینی هێندێك لە ڕەخنەگران بۆیان دەركەوتووە ئەو كەسەی لە پشت ئەم ناوەوەیە، ژنە، هێندێكیشیان وا گومانیان برد، كە ئەوەی لە پشتی ئەو ناوەوە، نووسەرێكی پیاوە دەنووسێ و ناوی ڕاستەقینەی خۆی شاردووەتەوە، لەبەر ئەوەی وایان گومان برد، بەهۆی ئەوەی ئەو ئەفسەرێكی پلەداری دەزگەی هەواڵگرییە و پێویستە ڕەگەزنامەی خۆی لە تەواوی خوێنەرانی بشارێتەوە. كاتێ ئاشكرابوو، كە هەڵگری ئەم ناوە ئەلیس شیلدۆنە و نووسەری خەیاڵی زانستی ژنە، خوێنەران سەرسام بوون و سەریان سڕما.