ماكرۆن: فڕەنسا نابێتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان

:: PM:09:48:19/09/2017 ‌
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا رای گەیاند، داوا لە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەم كە ریفراندۆم بكاتە سەرەتایەك بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ عێراقدا.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئەیلوول، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە نیویۆرك، دوای پێشكەشكردنی یەكەم گوتاری ساڵانەی وەك سەرۆكی فرەنسا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕای گەیاند، فڕەنسا لە دژی هیچ هەنگاوێكی دیموكراسی ناوەستێتەوە و نابێتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان.

سەرۆكی فڕەنسا لە درێژەی قسەكانیدا گوتی، حكوومەت و گەلی وڵاتەكەی پێوەندییەكی مێژوویی و دۆستانەی لەگەڵ گەلی كورددا هەیە.

ئەمڕۆ لە یەكەم گوتاری لە بەردەم كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆڕك ماكڕۆن ئاماژەی بۆ چەند پرسێكی نێودەوڵەتی كرد وەك فایلی سووریا و ئاشكرای كرد، وڵاتەكەی بە هاوبەشی دەسپێشخەرەییەك بۆ دانانی نەخشەڕێگەیەكی سیاسی بۆ چارەسەری دۆخی ئەم وڵاتە دەخاتە ڕوو.

لەبارەی دۆخی لیبیا سەرۆكی فڕەنسا داوای كاركردنی بۆ هەڵبژاردنێك لە ساڵی 2018 كرد و جیا لەوانە داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بۆ ڕووبەرووبوونەوەی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم