دوای 25ی سێپتێمبەر چی روو دەدات؟

:: PM:10:51:19/09/2017 ‌

مامۆستایەكی زانكۆ و شارەزا لە یاسا باسی سیناریۆكانی دوای 25ی سێپتێمبەر لە هەرێمی كوردستان دەكات و رای دەگەیەنێت كە ئەگەر هەرێمی كوردستان بڕیاری یەكلاكرەوەی خۆی بدات بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، بۆ ماوەیەكی كاتی ئەگەری هەیە بڕێك پاڵەپەستۆی لەسەر دروست بێت، بەڵام بەشێوەیەیەكی گشتی زۆر گەشبینم بەوەی كە هەرێمی كوردستان ئیتر بەیەكجاری لەو هەموو تەنگژانەی كە لە عێراق هەیە دەربازی دەبێت.

دكتۆر ساڵح عومەر مامۆستای كۆلێجی یاسا و زانستە سیاسییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین لەو بارەوە بە "وشە" دەڵێت، لە 25ی ئەم مانگە ئەگەر هەیە ریفراندۆم ئەنجام بدرێت یان نەدرێت، ئەگەر نەكرێت ئەو كات پێویستە زەمانەتی نێودەوڵەتی  بە هەرێمی كوردستان درابێت، كە یەكێك لەو زەمانەتانە ئەوەیە كە بۆ ماوەیەكی تر پڕۆسەكە بێتە درێژكردن، جا ساڵێكی تر بێت كەمتر یان زیاتر، ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی زەمانەتی هەرێمی كوردستان بدات ئەو كات ئەگەری زۆرە كە سەركرداتیەتی سیاسی هەرێمی كوردستان رازی بێت و لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكات بۆ ئەوەی كێشەكانی كە هەیە لەگەڵ یەكتر بەشێوەیەكی گفتوگۆ چارەسەر بكەن.

زیاتر گوتی، ئەوكاتەی كێشەكان هاتنە چارەسەركردن ئیتر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا و ئەوروپا بینن و ئەوان چاودێری ئەو ریفراندۆمە بكەن وەك ئەوەی لە سوودان و زۆر جێگەی تر ئەنجام درا. بەم شێوە دەتوانین بڵێین كە ئیتر بارودۆخی هەرێمی كوردستان زۆر گۆڕانكاری وای بەسەردا نایەت تەنیا بەو شێوەیە دەبێت كە ئیتر لەگەڵ بەغدا دەكەوێتە گفتوگۆ و ئەمەش زۆر لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندایە.

ئەو مامۆستایە روونی كردەوە كە ئەوەش مانای ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی لە رێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دنیاوە كە پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان دەكەن و ئەو كات هەرێمی كوردستان ئاسانتر دەتوانێت دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بكات.

زیاتر گوتی، بەڵام ئەگەر بێت و ئەو زەمانەتە نەدرایە كورد ئەوە لە 25ی ئەم مانگە ریفراندۆم ئەنجام دەدات و ئەوكات ئەگەری هەیە كە دەوڵەتەكانی دراوسێ بەتایبەتی توركیا و ئێران، هەندێك هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان.

دكتۆر ساڵح عومەر ئاماژەی كرد كە بە قەناعەتی خۆم لە 26ی مانگ ئەوان لێدوانی توند بدەن كە كاریگەری لەسەر سایكۆڵۆجیای هەرێمی كوردستان دروست بكات بۆ ئەوەی پاشەكشە لە بڕیارەكەی بكات، بەڵام ئەگەر هەرچەند كات تێپەڕ بێت لە دوای 25ی مانگ، ئیتر لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە ئەوە دەبێتە واقعێك و بەو شێوەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە دەوڵەتەكانی تریش ئەم واقیعە قبووڵ بكەن.

زیاتر گوتی، لەناو سیاسەتی نێودەوڵەتیدا زۆر گەل هەبوون كە دەوڵەتیان دروست كردووە كە دەوڵەتەكانی رەسەن یان ناوەندی رازی نەبوونە و تەنانەت دەوڵەتەكانی ئەوروپا و ئەمەریكاش لە سەرەتا رازی نەبوونە، بەڵام بوونە واقیعەك و دەوڵەتەكانی تریش بەرەبەرە دانیان پێدا ناون و ئێستە ئەوان دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە.

بە بۆچوونی خۆم لە 26ی مانگ دەبێت هەرێمی كوردستان ئەم بڕیارەی دایە كە دەوڵەتێكی سەربەخۆ بەدەست بێنێت، دەبێت بتوانێت تا رادەیەك بەرگە بگرێت و لە بەرامبەر دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ و بەشێوەیەكی یەكجاری دەربازبوون لە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا، بۆیە پێم وایە كە ئەوە زیاتر لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندا دەبێت.

ئەو مامۆستایە روونی كردەوە، تا هەرێمی كوردستان بێدەنگی بنوێنێت لە بەرامبەر ئەو سیاسەتانەی بەغدا كە هەر جۆرە كێشەیەكی بۆ دروست بكات و ئەو بوێرییەی نەبێت كە بڕیاری یەكلاكەرەوەی خۆی بدات، بە قەناعەتی خۆم بۆ ساڵانێك وەك ئەوەی دەیبینین ئەوە سەت ساڵە كورد قوربانی بووە، لە داهاتووش بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەو بڕیاری یەكلاكەروەی خۆی بدات بۆ ماوەیەكی كاتی ئەگەری هەیە بڕێك پاڵەپەستۆی لەسەر بێت، بەڵام بەشێوەیەیەكی گشتیی زۆر گەشبینم بەوەی كە هەرێمی كوردستان ئیتر بەیەكجاری لەو هەموو تەنگژانەی كە لە عێراق هەیە دەرباز دەبێت. 

شارەزایان دەڵێن كە كورد و سەركردایەتییەكەی روویان لە راپرسییەكەیە و سوورن لەسەری، چونكە توركیا و ئێران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش سەركەوتوو نەبوون و نەیانتوانی پاڵەپەستۆی گونجاو دروست بكەن لە تێكەڵێك لە داواكاری و هەڕەشەی نهێنی و ئاشكرا بۆ دواخستنی، لەوەش زیاتر زۆرێك لە سیاسەتوانانی عێراق بەنهێنی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئیتر باوەڕیان وایە كە هەرێمی كوردستان بە هەنگاوێكی هێمنانە و بێ پاشگەزبوونەوە روو لە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی دەكات.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/ سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل