بەگوێرەی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، پەكەكە لەناو سلێمانی باج و سەرانەی بەسەر خاوەنكار و سەرمایەداراندا سەپاندووە. بازرگانان ناوێرن سكاڵا لە ئاسایش و پۆلیس تۆمار بكەن، و پێیان وایە ناویان ئاشكرا دەبێت و ئەوكات پەكەكە كەسوكار یان خۆیان دەڕفێنێ. سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، ئەگەر پۆلیس و ئاسایش ناو بدەن بە پەكەكە و پشتی خەڵكی نەگرن بۆ جێبەجێكردنی یاسا، واتە ئەوانیش شەریكن لەگەڵیان.
بڕ و جۆری باجەكانی پەكەكە
خاوەنكارێكی شاری سلێمانی، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد كە پەكەكە لە سنووری باشماخ و سەیرانبەن باج وەردەگرێ، من خۆم ڕۆیشتووم و لێرە بە ڕەسمی بارەكانمان گومرگ كراوە و بردمان بۆ مەرز، چەكدارانی پەكەكە لەوێ بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر 500 هەزار دینار باج وەردەگرن، لەگەڵ خاوەنكارێكی تر بە دوو ئۆتۆمبێلی جۆری ئۆڕال لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا 30 بارمان برد و لە هەر یەكەمان بڕی حەوت ملیۆن و 500 هەزار دینارمان لەلایەن پەكەكەوە لێ وەرگیرا.
ئەو خاوەن كارە كە لە ترسی ژیانی داوای كرد ناوی بڵاو نەكرێتەوە، وردەكاری زیاتری خستە ڕوو "ئەوانەی بە وڵاخ كەلوپەل دەگوازنەوە، بۆ باری هەر وڵاخێك 50 هەزار دینار باج دەدەن، كەسێكیش بە كۆڵ كەلوپەل بگوازێتەوە، پێنج هەزار دیناری لێ وەردەگیرێ.
پەكەكە باج بەسەر خاوەنكارانی سلێمانیدا دەسەپێنێت
چەكدارانی پەكەكە لە ڕێی گرووپە نهێنییەكانیانەوە لە سلێمانی، بە هەڕەشە باج و پارە لە سەرمایەدار و خاوەنكاران وەردەگرن، خاوەنكارێك لە سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، پەكەكە گرووپێكیان لەناو سلێمانی هەیە، بەسەر دووكان و نووسینگەكانی بازرگانی و بازرگانان دەگەڕێن. بەگوتەی ئەو "یەكەم جار داوا دەكەن یارمەتی پەكەكە بدەین، دەڵێن داهاتی ڕۆژانەت چەندە و ڕێژەیەكی گشتی لێ دەردێنن و دەڵێن، دەبێ مانگانە ئەو بڕە پارەیە بدەیت، من گوتم ئەگەر ئەو پارەیە نەدەین، گوتیان نییە نییە، هەر دەبێ بدەن".
یەكێك لە سەرمایەداران بۆ "وشە" پەردەی لەسەر نهێنییەكی گەورە لادا بەوەی ئاشكرای كرد "لە ماوەی ڕابردوودا پەكەكە چوونە لای سەرمایەدارێكی دیار و بەناوبانگی سلێمانی و داوایان لێكرد مانگی دوو هەزار و 500 دۆلار باجیان پێ بدات، بەڵام ئەو ڕەتی كردەوە، هەفتەیەك دواتر لەناو سلێمانی پەكەكە كچەكەیان ڕفاند و پارەیەكی زۆریان لە بەرامبەر ئازادكردنی لێ وەرگرت و باجی مانگانەی پێنج هەزار دۆلاریشیان بەسەردا سەپاند و ئێستە باجەكە دەدات".
متمانەیان بە ئاسایش نییە و سكاڵا تۆمار ناكەن
لەبارەی ئەوەی بۆچی ئاسایشی سلێمانی و پۆلیس ئاگەدار ناكەنەوە؟ خاوەنكارەكە گوتی، لە سنوورەكان و لەناو شاریش، ئاسایشمان ئاگەدار كردووەتەوە، هەرچەند ناوێرین بە ڕوونیش بڕۆین و سكاڵا بكەین، چونكە هەركات بچین لە ئاسایش سكاڵا بكەین و ئاسایش بانگیان بكات و پێیان بڵێ فڵان كەس سكاڵای لەسەر تۆمار كردوون، ئەو كەسە چارەنووسی زۆر خراپ دەبێ و چەكدار و گرووپەكانی پەكەكە لەناو سلێمانی دەیڕفێنن یان دەیكوژن، یان كەسێكی نزیكی بە بارمتە دەگرن.
بۆ بە دواداچوون لەسەر ئەو پرسە، "وشە" پێوەندی كرد بە ڕزگار حەمەڕەحیم لە ڕاگەیاندنی ئاسایشی سلێمانی، گوتی "ئەو بابەتە پێوەست نییە بە ئێمەوە و گومرگی سلێمانی و پۆلیسی گومرگ ئاگەدارن". ئامادە نەبوو قسەی زیاتر لەوبارەوە بكات.
هاوژین سالار بەڕێوەبەری گومرگی سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو خاوەنكار و بازرگانانەی هاتوچۆ لە سنوورەكان دەكەن و كەلوپەل هاوردە و هەناردە دەكەن، ئاگەداریان كردووینەتەوە كە هێزەكانی پەكەكە لەسەر سنوورەكان باجیان لێ وەردەگرن و چەند پسوولەیەكیشیان پێ داوین كە ئەوە دەردەخەن باجیان لێ سەنراوە، ئێمە پسوولەكانمان بە نووسراو بەرز كردووەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ بۆ ئاگەداربوون لەو بابەتە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست تا چیتر ئەو دیاردەیە نەمێنێ.
"وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان یەك باجی گومرگی لەسەر بار و كاروانەكان وەردەگرین، هیچ كەس و هیچ لایەنێكی تر ناتوانێ باج و گومرگ وەربگرێ و بەهیچ شێوەیەكیش یاسایی نییە" سالار وای گوت.
متمانە لە نێوان خەڵك و ئاسایشی سلێمانی نامێنێ
بۆ بەدواداچوونی زیاتر و هەڵوێستی ئەنجوومەنی پارێزگا، "وشە" پێوەندی بە كرد بە دانا جەزا سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەو دەڵێ "ئەو خاوەنكارانە تا ئێستە سكاڵایان نەكردووە و بە فەرمی پێیان نەگەیاندووین، ئەو حاڵەتەیش كە پەكەكە لەناو شار وەك دەگوترێ ئەنجامی دەدا زۆر مەترسیدارە، بۆیە داوا لەو خاوەنكارانە دەكەین لە ڕێی یاساوە سكاڵا تۆمار بكەن و بێتە دەنگ، داوا لە پۆلیس و ئاسایش دەكەین بەدواداچوون بكەن و ئەو دیاردە بنەبڕ بكەن".
لەبارەی ترسی خاوەنكار و سەرمایەداران لەوەی ناویان ئاشكرا بكرێ بۆ پەكەكە، جەزا گوتی، پێویستە ئاسایش و پۆلیس زۆر بە وریایییەوە بە ئەركی خۆیان هەستن و مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بكەن، گرنگیشە ئەو خەڵكە بێنە دەنگ و نەترسن، ئەگەر ئەوكات پۆلیس و ئاسایش بەرگرییان لێ نەكەن و یاسا جێبەجێ نەكەن و ناویان بە پەكەكە بدەن، واتە ئەوانیش هاوبەشن لەو كارانەی پەكەكە لە سلێمانیدا دەیكات.