هەڵوەرینی پرچ تا ئاستی كەچەڵی، هۆكار و چارەسەرەكانی چین؟

:: AM:09:08:20/09/2017 ‌
* ئایا گیراوەكانی ڕوانەوەی موو راستین یا تەنیا بەرهەمی بە بازاڕكردنن؟
* ئایا جـــگەرەكێشان هۆكارە لە هەڵوەرینی موو؟ 

یەكێك لە خاسیەتەكانی جەستەی مرۆڤ بریتییە لە بوونی "موو" كە بە ئاستی جیاواز بە ڕووی جەستەدا دەبینرێن لە ڕەگەزی نێرو مێدا، بەرچاوترین بەش ڕووپۆشی كەلەی سەرە كە بە ئاستێكی چڕ لە موو پۆشراوە و بە (پرچ یا قژ) دەناسرێت، كەمبوون یا لە دەستدانی زۆرینە یا تەواوی مووی سەر دەكرێت وەك كێشەیەكی پەیوەست بە ڕواڵەت و جەستەی مرۆڤ سەیر بكرێت كە لە بنەڕەتدا بە شێوەیەكی سروشتی بوونی هەبووە و لەگەڵ تێپەڕبوونی كات و چوونە تەمەنەوە ئەو گۆڕانكارییانه سەریان هەڵداوه.‌‌ 

لە دەستدانی پرچ دەكرێت وەك كێشەیەكی باو سەیر بكرێت بە پێی ئامارە جیهانییەكان كە ڕێژەی 85%ی پیاوان لە تەمەنی 50 ساڵییەوە پرچیان دەست بە هەڵوەرین دەكات، لە هەندێك كەسیشدا لە تەمەنێكی زووتر ئەو كێشەیە سەرھەڵدەدات كە لە تەمەنی 21 ساڵیدا دەبێت.

زۆرینەی كات لە دەستنیشانكردنی هۆكارەكانی لە دەستدانی پرچ باس لە بەكارهێنانی كڵاو یا شەپقە دەكرێت، زۆر شانەكردن و لوولكردن و ڕاگرتنی پرچ بە شێوە و ستایلی مۆدێرن كە ڕەنگه هۆكار بن لە وەرین و تەنكبوونەوەی پرچ، كە بە پێی زانیارییە پزیشكییەكان دوورن لە ڕاستییەوە.

هاوكات لە دەستدانی پرچ ئاماژە نییە بۆ هەبوونی نەخۆشییەكی دیاریكراو، تەنانەت كاریگەری بۆ تەندروستی مرۆڤ نابێت، بەڵكو تەنیا كاریگەری لە ڕووی رووخســـار و دەروونییەوە بۆ كەسەكە دروست دەكات.

جـــگەرەكێشان وەك هۆكارە بۆ ژمارەیەكی بەرچاو لە نەخۆشی، بە هەمان شێوە كاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر هەڵوەرین و تەنكبوونەوەی پرچ تـــا ئاستی كەچەڵی، هەر بەو هۆیەوە پزیشكی پسپۆڕ وەك ترسناكییەكی تری جگەرەكێشان هەوڵ دەدات كێشەی وەرینی پرچ لە ئەنجامی جـــگەرەكێشان بە كەسی نەخۆش ڕابگەیەنێت.

هۆكارە زانراوەكان لە ڕووی زانستییەوە لەبارەی وەرینی پرچ، بریتین لە سیفەتە بۆماوەیییەكان كە لە باوانەوە دەگوازرێنەوە بۆ نەوەكان و بەكارهێنانی دەرمانی تایبەت و ڕێژەی بەرزی ڤیتامین A و كەمی ئاستی پڕۆتین و خەمۆكی و ڕێژەی بەرزی هۆڕمۆنی DHT و نەخۆشی و كاریگەرییەكانی لەسەر دەركەوتنی دیاردەی كەچەڵی.   

هاوكات لەگەڵ هەبوونی گیراوەی جۆراوجۆر‌ و دەرمانی سروشتی لە ژێر ناوی دووبارە گەشەكردنی موو، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی لە توێژینەوە زانستییەكان باسی لێوە دەكرێت كە تەنیا وەك هەنگاوێكی سەرەتایین و زیاتر وەك پێكهاتەی بە بازاڕكردن لە نێو هاووڵاتییان بڵاو دەكرێتەوە.

چارەسەری باوی هەڵوەرینی مووی سەر كە به ‌شێوەیەكی زانستی بەكار دێت وەك (Minoxidil and Finasteride) كە بەرپرسە لە كەمكردنەوەی خێرا هەڵوەرین و لە هەندێك حاڵەتدا ئەگەری دووبارە دروستبوونی مووی لێ دەكەوێتەوە، یا لە ڕێی كەمكردنەوەی ئاستی هۆڕمۆنی DHT كە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ڕێگر دەبێت لە ڕووتانەوەی مووی سەر. یان لە ڕێی دانانی پرچی دەستكرد كە بە ئاست و جۆری یەكجار بەرز دێتە بەرهەم و بە نرخی نێوان (60 بۆ 300) دۆلار بە بازاڕ دەكرێت، كە پێویستە ئەو جۆرە مووانە بە بەردەوامی پاقژ بكرێنەوە و پێكهاتەی تایبەتی لەگەڵ بەكار دێت بە مەبەستی پێدانی ڕەنگێكی چالاكی سروشتی تێكەڵ بە بەشەكانی تری مووی سەر. یا لە ڕێی دووبارە چاندنەوەی موو كە ئێستە بە یەكێك لە ڕێ باوەكان هەژمــار دەكرێت و نزیكەی شەش مانگ دەخایەنێت بە مەبەستی دووبارە ڕوانەوەی مووەكان و لەگەڵ تێچوویەكی زۆر كە پرۆسەكە لەسەر شێوازی نیمچە نەشتەرگەرییەك ئەنجام دەدرێت.   

د. تۆڵە فەرەج 
*سەرچاوە (ماڵپەڕی تەندروستی Webmd)



وشە - باز ئه‌حمه‌د