یانەی هەولێر و كەركووك كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی ساز دەكەن

:: AM:09:59:20/09/2017 ‌

هەردووی هەڵبژاردەی هەولێر و كەركووك بەهاوكاری لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان لقی كەركووك، یارییەكی دۆستانە دەكەن بۆ پاڵپشتی ڕیفراندۆم و دوای یارییەكەش ئاهەنگێكی جەماوەری ساز دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە ئاگەدارییەكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان لقی كەركووك بە دروشمی كوردستان دەوڵەتی كورد و توركمان و كلدان و سریان و ئاشوور و ئەرمەن و عەرەبە كوردستانییەكان دەبێت، كەرنەڤاڵێك بۆ پاڵپشتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان ساز دەكات.

لە بەشێكی ئاگەدارییەكە هاتووە، یارییەكی دۆستانە لە نێوان هەڵبژاردەی هەولێر و كەركووك ساز دەكرێت و ئاهەنگێك و چەندان چالاكی تر ئەنجام دەدرێت.

بڕیارە ئاهەنگەكە ئەمڕۆ سەعات سێ و نیو لە یاریگەی یانەی وەرزشی كەركووك بەڕێوە بچێت و هونەرمەندان حەسەن غەریب و ئومێد شوانی و شاهین هابە و عیماد جاف ئامادەی ئاهەنگەكە بن.

ئێستە بانگەشەی ڕیفراندۆم لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەستی پێ‌ كردووە و هاووڵاتییان بەدڵگەرمییەوە چاوەڕوانی 25ـی ئەیلوول دەكەن بۆ ئەوەی دەنگ بە بەڵێ‌ بدەن و سەربەخۆیی كوردستان ڕابگەیەنن.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.



وشە - رامیار جەواد