جێگری قاسم سلێمانی: بەدوای كۆمەڵێك فەرماندە دەگەڕێین بۆ شەڕی سووریا

:: PM:03:06:05/11/2016 ‌

جێگری فەرماندەی سوپای قودس پێی وایە تا بەهاری داهاتوو شەڕی سووریا یەكلا دەكرێتەوە و رای دەگەیەنێت، ئەوان بەدوای كۆمەڵێك فەرماندەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی "ئیرادە"ی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەناو سووریادا بسەپێنن.

ئەمڕۆ شەموو، پێنجی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەر، ماڵپەڕی فەرمی خوێندكارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەزاری ئیسماعیل قائانی، جێگری فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشكرای كرد، شەڕی سووریا بۆ ئێران هەستیارترین شەڕە و پێویستی بە كۆمەڵێك فەرماندەی خۆڕاگرە كە بتوانن بە هەموو باوەڕەوە لەو شەڕەدا بەشداری بكەن.

قائانی ئەو گوتانەی لە رێوڕەسمی یادكردنەوەی حوسێن هەمەدانی، فەرماندەی باڵای سوپای قودسدا خستە بەرباس كە لە شەڕی سووریادا لە دەوروبەری حەلەب كوژرا.

لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا زیاد لە 200 فەرماندەی باڵای سوپای قودس لە شەڕی سووریادا و ژمارەیەكی زۆر لە میلیشیاكانی ئەو هێزە لە شەڕكردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریادا كوژراون.

جێگری فەرماندەی سوپای قودس ئاماژەی بەوەیش دا، ئەمساڵ ساڵی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی سووریایە، هەڵبەت ئەو شەڕە درێژە دەخایەنێت لەبەر ئەوەی بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو شەڕە شەڕی مان و نەمانە، بەڵام تا كۆتای ئەمساڵ "بەهاری داهاتوو" هاوسەنگی هێز لەو وڵاتە بەتەواوەتی یەكلا دەكرێتەوە.

زیاتر دەڵێ، بۆ ماوەی ئەو حەوت مانگە پێویستیان بە كۆمەڵێك فەرماندە هەیە بتوانن ویستی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەڕی سووریادا بسەپێنن.

ئەوە راشكاوترین بۆچوونی بەرپرسێكی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە بۆ بوونی میلیشیاكانیان لەناو شەڕی سووریادا، لە ماوەی پێنج ساڵ و چەند مانگی رابردوودا سەرجەم بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر داوای بەشار ئەسەد هێزەكانیان بە مەبەستی راوێژكاری سەربازی رەوانەی ئەو وڵاتە كردووە.

سەرچاوە/ ئیسنا – رادیۆ فەردا


وشە - هیدایه‌ت جان