بۆ ریال مەدرید مۆراتا یان مایۆرال باشترە

:: AM:10:23:20/09/2017 ‌

رۆژنامەیەكی نزیك لە یانەی ریال مەدرید جیاوازی لەنێوان هەردوو هێرشبەری پێشووی یانەكە ئەلڤارۆ مۆراتا و ئێستای یانەكە بۆرخا مایۆرال ئەنجامدا و روونی كردەوە كامیان بۆ یانەی شاهانە باشترن.

یانەی ریال مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی مانگی رابردوودا بەشێوەی یەكجاری مۆراتای فرۆشت بە یانەی چێڵسیی ئینگلیزی، لە شوێنی ئەویش مایۆرالی گەڕاندەوە ریزی یانەكەی كە بەشێوەی خواستن وەرزی رابردوو لە ریزی یانەی ڤوڵفسبۆڕگی ئەڵمانی یاریی دەكرد.
 
رۆژنامەی (بێرنابیۆ دیجیتال) ئاشكرای كرد كە یانەی ریال مەدرید قازانجی كردووە بۆ ئەوەی لە یارییەكانی داهاتوودا پشت بە مایۆرال دەبەستێ نەك مۆراتا.

سەرچاوەكە بەڵگەی بۆ ئەمە لێك تێگەیشتنی زیاتری مایۆرالی لەگەڵ هەردوو هێرشبەر كەریم بەنزیما و كریستیانۆ رۆناڵدۆ و تەنانەت سەرجەم یاریزانانی یانەی ریال مەدرید گەڕاندەوە.

مایۆرال لە یاریی یەكشەمی رابردووی یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد لە خولی ئیسپانیا ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و گۆڵێكی تۆمار كرد و گۆڵێكی تریشی دروست كرد.

رۆژنامەكە بڵاوی كردەوە كە مایۆرال لێك تێگەیشتنی زیاتری لەگەڵ سەرجەم یاریزانانی یانەی ریال مەدرید زیاترە بەبەراود لەگەڵ مۆراتا كە هەمیشە كێشەی لەگەڵ بەنزیما و رۆناڵدۆ هەبوو.

ئاماژەی بەوەشدا مایۆرال بە پێچەوانەی مۆراتا هەرگیز گلەیی لە یاریكردن بەشێوەی سەرەكیدا ناكات و هەروەها پەیوەندییەكی بەتینی لەگەل زێنەدین زێدانی راهێنەر و سەرجەم كارمەندانی یانەی ریال مەدرید هەیە، لەبەر هەموو ئەم هۆكارانە یانەی شاهانە قازانجێكی گەورەی كردووە لە پشتبەستن بە مایۆرال و پشتگوێخستنی مۆراتا.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م