ترێی ڕه‌ش یان سپی كامیان به‌سوود تره‌

:: AM:10:45:20/09/2017 ‌

توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كان ده‌ریانخستووه‌، ناوكی ترێی ڕه‌ش سوودێكی زۆری هه‌یه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ و پاككردنه‌وه‌ی سییه‌كان و پاراستنی جوانی پێست و دواخستنی پیری.

ئه‌وه‌ش ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ ترێی ڕه‌ش و سوور كاریگه‌ری زیاتره‌ له‌ ترێی سپی و به‌وه‌ش به‌ناوبانگه‌ كه‌ دژه‌ ئۆكسید و ژه‌هراویبوونی جه‌سته‌یه‌ و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر پاككردنه‌وه‌ی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دان و خوێنبه‌ر و خوێنهێنه‌ره‌كانی جه‌سته‌ هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها ناوكی ترێ ده‌ماره‌خانه‌ له‌ ژه‌هراویبوون و كۆبوونه‌وه‌ی كۆلیسترۆڵ له‌ ناو خوێن ده‌پارێزێت و هۆكارێكی باشه‌ بۆ رێگرتن له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی فشاری خوێن و به‌ رێژه‌ی له‌ سه‌دا حه‌وتی فشاری خوێن داده‌به‌زێنێت و هاوكات رێگری له‌ گرژبوونی ده‌ماره‌كانی خوێن ده‌كات، هه‌روه‌ها پارێزگاری له‌ مێشكی مرۆڤ ده‌كات و دووری ده‌خاته‌وه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ پیری به‌ تایبه‌تی له‌ رووی پاراستنی یادگه‌ی مرۆڤ.

له‌باره‌ی پێست، زانایان دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ناوكی ترێ ده‌بێته‌ پارێزه‌رێكی كارای پێست و له‌ داخووران و پیربوون و مردنی خانه‌كانی ده‌یپارێزێت، به‌رده‌وام وا ده‌كات پێست به‌ گه‌نجی بمێنێته‌وه‌ و رێگری له‌ به‌سه‌رچوونی خانه‌كانی ده‌گرێت به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ ماده‌ی بیۆفلافۆنۆیدات، ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزكردنی پێست و ته‌نانه‌ت زوو چاكبوونه‌وه‌شی له‌ كاتی به‌ركه‌وتنی زه‌بر و برینداربوونی.

به‌ گشتی ناوكی ترێ ئه‌م سوودانه‌ی هه‌یه‌: 

پاراستنی جه‌سته‌ له‌و زیانانه‌ی به‌هۆی پیسبوونی هه‌واو جگه‌ره‌كێشانه‌وه‌ تووشی مرۆڤ ده‌بن، هه‌روه‌ها جه‌سته‌ پاك ده‌كاته‌وه‌ له‌ پیسبوونی خوێن، چاره‌سه‌ری جیوب ده‌كات و هه‌وكردنی جومگه‌كان ناهێڵێت به‌و پێیه‌ی زۆر كاریگه‌ره‌ له‌ دژی هه‌وكردن، ڕێخۆڵه‌كان پاك ده‌كاته‌وه‌، ترێی ڕه‌ش رێگری له‌ هه‌ڵوه‌رینی قژ ده‌كات، جه‌سته‌ ده‌پارێزێت له‌ تووشبوون به‌ نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌یی، چاو له‌ كزبوون ده‌پارێزێت، وه‌ك پاككره‌وه‌یه‌كی سییه‌كان وایه‌ و رێگری ده‌كات له‌ نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناسه‌دان، هه‌روه‌ها سیسته‌می به‌رگری جه‌سته‌ به‌هێز ده‌كات.

سه‌رچاوه‌/ food.ndtv


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان