به‌م مه‌رجانه‌ ڕۆژانه‌ به‌ منداڵه‌كه‌ت بده‌

:: AM:11:54:20/09/2017 ‌

ڕۆژانه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ كه‌ هه‌ر خێزانێك به‌ پێی توانای باری دارایی خۆی و پێداویستی منداڵه‌كه‌ی بۆی دابین ده‌كات، ئه‌مه‌ش فێری ده‌كات خۆی به‌رپرسیارێتی بگرێته‌ ئه‌ستۆ هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌ی ته‌مه‌نییه‌وه‌.

 هه‌ندێك خێزان پاره‌ و ڕۆژانه‌ بۆ منداڵه‌ زۆر بچووكه‌كانیشیان دابین ده‌كه‌ن بێ ئه‌وه‌ی بزانن چۆن به‌كار ده‌هێنرێت، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، چۆن ڕۆژانه‌ بدرێت به‌ منداڵ؟ تا چه‌نده‌ باشه‌ و چه‌ند خراپه‌؟.

"د. فاتیمه‌ ئه‌لشناوی" پزیشكی ده‌روونی و پسپۆڕی گه‌شه‌كردنی مرۆڤایه‌تی، له‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌دا ئه‌م مه‌رجانه‌ی بۆ دایك و باوكان روون كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت له‌سه‌ریان پابه‌ند بن كاتێك پاره‌ به‌ منداڵه‌كه‌یان ده‌ده‌ن له‌ كاتی خوێندندا:

- سه‌ره‌تا پێویسته‌ ڕێزگرتن و به‌ نرخدانانی پاره‌ لای منداڵ فێر بكرێت، ورده‌كارییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌سته‌م په‌یداكردنی پاره‌كه‌یان پێ بگوترێت.

- منداڵ له‌م ته‌مه‌نه‌دا ده‌توانێت له‌ كڕین و فرۆشتن تێ بگات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ تێی بگه‌یه‌نه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی پێی ده‌ده‌یت به‌شی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ناكات كه‌ ئاره‌زووی لێ ده‌كات.

- هه‌رگیز پاره‌یه‌كی زۆری پێ مه‌ده‌ له‌ جیاتی دیاری كاتێك شتێكی باش ده‌كات، بێ به‌شیشی مه‌كه‌ له‌ ڕۆژانه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی كرد، ته‌نیا لێی كه‌م بكه‌وه‌.

- فێری بكه‌ كاتێك بڕه‌ پاره‌یه‌ك ده‌ده‌یته‌ ده‌ستی، مانای وایه‌ متمانه‌ت پێیه‌تی و لێی چاوه‌ڕوان ده‌كه‌یت زۆر به‌ وریایی خه‌رجی بكات و شایانی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ بێت.

- كاتێك پاره‌ی ده‌ده‌یتێ بۆ قوتابخانه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانێت وه‌ك هه‌موو منداڵه‌كانی تر مافی خه‌رجكردنی هه‌یه‌ له‌ شتی به‌سووددا، بۆ شتی بێ نرخ خه‌رجی نه‌كات.

- ئه‌گه‌ر هه‌موو پێداویستییه‌كیش له‌ ماڵه‌كه‌تدا هه‌بوو، له‌ ڕۆژانه‌كه‌ی كه‌ مافی خۆیه‌تی بێبه‌شی مه‌كه‌.

- پاره‌یه‌كی مامناوه‌ندی پێ بده‌ تا نه‌ فیز به‌سه‌ر هاوڕێكانیدا لێ بدات، نه‌ هه‌ست به‌ كه‌می بكات له‌ ئاستیاندا.

سه‌رچاوه‌/سه‌یده‌تی


وشە - ڕێناس شابان