مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی دووپات لە پشتیوانی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەنەوە و هێما بۆ ئەوەیش دەكەن، دەنگی ئەوان بەڵێ بۆ سەربەخۆیییە و داوا لە هەموو هاووڵاتییانیش دەكەن لەو ڕۆژە مێژوویییە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەڵبژێرن و ئەو دەرفەتە مێژوویییە لە دەست نەدەن.
چرۆ شەهاب مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پشتیوانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و دەنگدان بە بەڵێ، ئەركێكی نیشتمانییە بۆ هەر تاكێكی گەلی كوردستان لە هەر شوێنێكی ئەو دنیایە بێ، پرسەكە بە تەواوی نیشتمانییە و ناكرێ خۆی لێ لا بدەین و دەنگی منیش بەڵێی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان دەبێ.
سیروان شەریف پارێزەر و مامۆستای زانكۆی سلێمانی بۆ "وشە" گوتی، ڕیشەی وشەی ڕیفراندۆم واتە گەڕانەوە بۆ ڕای جەماوەر و لە سەدەی شازدەیەمەوە لە سویسرا ڕیفراندۆم ئەنجام دراوە و هاووڵاتییان بەشداربوونە و بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە لەسەر پرسەكان، ڕیفراندۆمی ئێستەی كوردستانیش گەڕانەوەیە بۆ ڕای خەڵكی كوردستان، ئەمەیش تەواو هەنگاوێكی زانستییە و دەرفەتێكیشە هاتووەتە پێشەوە و پێویستە هەموو هاووڵاتییان پشتیوانی بكەن و بە بەڵێ دەنگی بۆ بدەن.
هەروەها گوتی، ئەو دەرفەتەی ئێستە لە بەردەمماندایە زۆر چارەنووسسازە و ئەگەر لە دەستمان بچێ، لە ماوەی 100 ساڵی داهاتوو جارێكی تر بەو شێوازەی ئێستە دەتوانین بچینەوە سەر سندووقەكانی دەنگدان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆمان.
رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.
سلێمانی/هۆشیار عەلی.