تیمێكی زانكۆی هایدلبێرگی ئەڵمانی لە ئەنجامی چوار ساڵ كنە و پشكنین لە گردی بەكراوای سەر بە پارێزگەی هەڵەبجە، توانییان شوێنەوارێكی پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستە بدۆزنەوە كە خۆی لە شارێكی گەورە لەسەر ڕووبەری 13 دۆنم زەوی دەبینێتەوە.
حەسەن محەمەد نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری كوردستان لەگەڵ تیمە ئەڵمانییەكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەی چوار ساڵە تیمی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆی "هایدلبێرگ"ی ئەڵمانیا لە گردی بەركراوا كار دەكەین، هەموو ساڵێك لەم وەرزە دێینە ناوچەكە و دەست بە كنە و پشكنین دەكەین، تا ئێستە ئەوەی دۆزیومانەتەوە، شوێنەواری شارێكی مێژوویییە كە پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستە لەو ناوچەیە بوونی هەبووە.
هەروەها گوتی، لەو شارە شوێنەوارییەی دۆزیومانەتەوە، شوێنی گۆڕ و دیوان و پەرستگە و چەندان كووپ و گۆزە و شمشێر و خەنجەرمان دۆزیوەتەوە كە سەرجەمیان مێژووەكەیان بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە، بەگوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتایییەكان، نزیكەی 10 هەزار كەس لەم شارە شوێنەوارییە ژیاون كە ڕووبەرەكەی 13 دۆنم زەوی بووە.
گوندی بەكراوا دەكەوێتە دووری پێنج كیلۆمەتری ڕۆژئاوای سەنتەری شاری هەڵەبجە و تا ئێستەش خەڵك تێیدا دەژین و گردە شوێنەوارییەكەیشی كەوتووەتە ناوەڕاستی گوندەكە. بەگوێرەی گەڕان و بەدواداچوونەكان، تیمە شوێنەوارییەكان زیاتر لە 200 شوێنی شوێنەواری لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بوونیان هەیە و تۆمار كراون.
هەڵەبجە/سەلام هانەدنی.