بارزانی گه‌یشته‌ سلێمانی

:: PM:12:26:20/09/2017 ‌
كه‌مێك پێش ئێسته‌ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداری لە كەرنەڤاڵی گەورەی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان گه‌یشته‌ شاری سلێمانی، ئەندامێكی لیژنەی تەناهیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش ئاماژە بەوە دەكات، هەموو ڕێوشوێنێك گیراوەتە بەر و بارزانی لە گەورەترین كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی پەیامێك پێشكەشی ئامادەبووان دەكات.

دانا جەزا ئەندامی لیژنەی تەناهیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بۆ بەشداری لە كەرنەڤاڵی گەورەی شاری سلێمانی بۆ پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان و بەڵێ لە ڕیفراندۆمی كوردستان، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگاتە شاری سلێمانی.

هەروەها گوتی، كەرنەڤاڵەكە سەعات 3:30ی پاش نیوەڕۆ دەست پێ دەكات و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نێو ئاپۆرای جەماوەری سەربەخۆخوازی سلێمانی، پەیامێك پێشكەش دەكات و دووپات لە مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی كوردستان دەكاتەوە.

ئاماژەی دا، لە ڕووی تەكنیكی و تەناهییەوە هەموو ڕێوشوێنێك لەوپەڕی ئامادەباشیدایە و هەموو ڕێكارەكان گیراونەتە بەر، تەنیا ماوەتەوە دەست بە ئاهەنگ و كەرنەڤاڵی گەورەی سەربەخۆیی كوردستان لە یاریگەی سلێمانی بكرێ.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوو بەشداری لە كەرنەڤاڵی گەورەی سەربەخۆیی كوردستان و بەڵێ لە ڕیفراندۆمی 25ی ئەم مانگە لە شارەكانی زاخۆ و دهۆك و سۆران كرد و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەمیش لە شاری سلێمانی گەورەترین كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان ساز بكرێت.

رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.

سلێمانی/هۆشیار عەلی.




وشە - باز ئه‌حمه‌د