بارزانی و مەعسووم بەیەكەوە دەچنە كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی لە سلێمانی

:: PM:01:46:20/09/2017 ‌

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئێستە لە شاری سلێمانییە و بڕیارە لەگەڵ فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق كۆبوونەوەیەكی تایبەت بكەن و تاوتوێی دەسپێشخەری و ڕاسپاردەیەكی نوێ عێراق بكەن كە لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە دەگەیەنرێتە بارزانی، سەركردەیەكی یەكێتیش دەڵێ، دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكەیان، بارزانی و مەعسووم بە یەكەوە دەچنە یاریگەی سلێمانی و بەشداری كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی دەكەن.

ڕەهبەر سەید ئیبراهیم ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ یەكێتی كۆ بووەتەوە و دواتریش لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە، ئەو ڕاسپاردەیەی لایەنی لەگەڵ یەكێتی باسی كردووە، لەگەڵ بارزانیش تاوتوێی دەكات و دەیخەنە بەرباس.

هەروەها گوتی، دوای تەوابوونی كۆبوونەوەی نێوان مەعسووم و بارزانی، بەیەكەوە سەعات چواری ئێوارە دەچنە یاریگەی نێودەوڵەتی سلێمانی و بەشداری لە كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی و سەرخستنی ریفراندۆمی كوردستان دەكەن.

بەشداری سەرۆك كۆماری عێراق لە كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان لە شاری سلێمانی، لە كاتێكدایە پێشتر چالاكان و سیاسییەكانی كورد بەردەوام ڕەخنەیان لە بێدەنگی و بێهەڵوێستی سەرۆك كۆماری عێراق دەگرت، بەوەی پشتیوانی گەلەكەی دەرنابڕێ، بۆ ئەوەی مافی چارەی خۆنووسینی خۆی دیاری بكات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د