بە هاوكاری مالیكی
گۆڕان هەوڵی بە هەرێمكردنی سلێمانی دەست پێ دەكاتەوە

:: PM:02:15:20/09/2017 ‌
ماوەیەكە ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان كار لەسەر دۆزینەوەی دەرچەیەكی یاسایی بۆ دروستكردنی هەرێمی سلێمانی و بەستنەوەی راستەوخۆی بە بەغداوە دەكەن. پەرلەمانتارێك رای دەگەیەنێت، "شار ناتوانێ ببێت بە هەرێم". ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دووپاتی دەكاتەوە، "تەنیا ئەنجوومەن مافی بڕیاردانی لەبارەی شارەكەوە هەیە".
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لەناو سەرچاوەكانی بزووتنەوەكەوە دەستی خستووە، پڕۆژەكەی گۆڕان بە نهێنی لەرێی ئارام محەمەد و وشیار عەبدوڵا نوێنەرانی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، پێشكەش بە لیستی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی /مووچەبڕی كوردستان/ كراوە و پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە "بۆ ئەوەی سلێمانی لەگەڵ دەوڵەتی كوردستان نەبێ، پێویستە لە رێی پەرلەمانی عێراقەوە یاسایەكی تایبەتی بە دەنگی عەرەبەكان بۆ دەربچێت و راستەوخۆ شارەكە سەربە بەغدا بێت". 
بەڵام لیستەكەی مالیكی هێشتا وەڵامیان نەداونەتەوە و ئاماژەیان بەوە كردووە كە "تاوتوێی دەكەن".
د. عەرەفات كەرەم ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە"وشە"ی ڕاگەیاند، پڕۆژەی لەو جۆرە سەر ناگرێ، چونكە خەڵكی سلێمانی خۆی بڕیار لە داهاتووی خۆی دەدا، نەك حزبێك بەناوی هەموو خەڵكی سلێمانییەوە بڕیار بدات، ریفراندۆمی كوردستانیش بۆ ئەوەیە خەڵكی هەموو ناوچەكان خۆیان بڕیار بدەن، ئەگەر خەڵكی سلێمانی لە ریفراندۆم سەربەخۆیی بوێ، ئەوكاتە كەس ناتوانێ بڕیاریان بەسەردا بسەپێنێت، نە پارتی و نە یەكێتی و نە گۆڕان و نە ئیسلامییەكان".
كەرەم ئاماژە بەوە دەكات كە "لە ڕووی یاساییشەوە ناكرێ پارێزگایەك لەناو هەرێمێكدا جیا ببێتەوە و دابەش ببێ، پارێزگای سلێمانی بەشێكە لە كوردستان و ناكرێت بە هەرێم، دەتوانرێ پارێزگایەكی تر لە عێراق كە لە چوارچێوەی هەرێمدا نین، بكرێن بە هەرێم، بەڵام بەهیچ شێوەیەك یاسا و دەستوور ڕێ نادەن پارێزگایەكی ناو هەرێم خۆی ببێت بە هەرێمێكی تر، بۆیە ئەو هەوڵانەیش هەمووی شكست دێنێ و خەڵكی سلێمانی بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدا.
بزووتنەوەی گۆڕان لە دانیشتنەكانیدا لەگەڵ لیستی دەوڵەتی یاسا و حزبی دەعوە، دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە لە هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان كە بڕیارە لە یەكی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر بەڕێوە بچێت، ئەوان یەكەم دەبن لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و بەو پێیە دەتوانن دانیشتوانەكەی رازی بكەن سەربە بەغدا بن.
ئەكرەم شەریف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە"وشە"ی ڕاگەیاند، "هەر بڕیارێك تایبەت بە چارەنووسی سیاسی و كارگێڕیی سلێمانی یا هەر شارێكی تر بدرێ لە دەرەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، بنەمای نییە، چونكە بڕیاری كۆتا و یەكلاكەرەوە لە دەست ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكەدایە، ئەو بابەتەیش تا ئێستە بە ئاشكرا باس نەكراوە، كەی بوو بە پرسی ڕۆژ ئەوكاتە لێدوانی ڕژد و قسەی كۆتای خۆمان دەبێ لەسەر ئەو بابەتە".
ساڵی رابردوو گۆڕان بە ئاشكرا لە رێی ئارام محەمەد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە خۆپێشاندانی مامۆستایانی سلێمانیدا ئاماژەی بەوە دا كە ئەوان كار بۆ ئەوە دەكەن بودجەی سلێمانی راستەوخۆ لە بەغداوە دابین بكرێ، بەڵام ئەوە شكستی هێنا و یاریكردن بوو بە هەستی مامۆستا و فەرمانبەران.
"وشە" بۆ بەدواداچوونی زیاتر پێوەندی بە ئەمین بەكر ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، بەڵام ناوبراو نە ڕەتی كردەوە و نە پشتڕاستی كردەوە، گوتی ناتوانم لەسەر بابەتێكی ئاوا قسە بكەم.
"وشە" پێوەندی بە ژووری یاسایی و ژمارەیەك بەرپرس و پەرلەمانتاری گۆڕانەوە كرد، بەڵام ئامادە نەبوون وەڵامی پێوەندییەكان بدەنەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د