ناوەرۆكی كۆبوونەوەی حكوومەت و پەرلەمان لەسەر مووچە

:: PM:03:25:20/09/2017 ‌

بەمەبەستی دانانی بەرنامەیەكی گونجاو بۆ پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچە و چارەسەركردنی كۆبوونەوەی حكوومەت و لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەتەلاری پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، ماجید بازرگان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەشداربووی كۆبوونەوەكە بە "وشە" ڕاگەیاند، لەگەڵ تیمی حكوومەت لەسەر پرسی مووچە كۆ بووینەوە، سەرەتا بڕی داهاتەكانیان بۆ ئێمە خستەڕوو و ئامادەیی هەموو گفتوگۆیەكیان دەربڕی.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان گوتی، بۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی مووچە و دانانی بەرنامەیەكی نوێی مووچە، تیمی حكوومەت پێیان ڕاگەیاندین لە بەیانییەوە ئامادەین لەگەڵ لیژنە تایبەتەكانی پەرلەمان گفتوگۆ بكەین بۆ دانانی میكانیزمێكی نوێی مووچە.

ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی، لەو كۆبوونەوەیە بڕیار درا سەقفێكی دیاریكراو دابنرێت بۆ پێداچوونەوە بە مووچە و چاككردنی مووچەی فەرمانبەران، بۆیە پێشبینی دەكرێت سبەی ئەو كۆبوونەوانە دەست پێ‌ بكەن بۆ پێداچوونەوە بە مووچە.

دوای كارابوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، ئێستە لیژنە تایبەتەكانی پەرلەمانی كوردستان خەریكی ئامادەكارین بۆ پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و چەند پڕۆژەیەك 
لەلایەن یەكێتی و پارتی و یەكگرتوو بۆ ئەو مەبەستە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كراوە.

پەرلەمانی كوردستان لەڕۆژی 15ـی ئەیلوول یەكەمین دانیشتنی ئەنجامدا دوای 23ـی مانگ لە پەككەوتنی، سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بەشداری دانیشتنەكانیان كرد تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ نەبێت.



وشە - رامیار جەواد