پەرلەمان و حكوومەت چوار بڕیاریان لەبارەی مووچەوە دەركرد
پەرلەمانی كوردستان لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و چوار بڕیاریش لە كۆبوونەوەكەدا دەركراوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئەیلوول، عەبدوڵای حاجی مەحموود ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و بەشداربووی كۆبوونەوەكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، حكوومەت و پەرلەمان لیژنەیەكیان پێك هێنا بۆ گەڵاڵەكردنی سیستەمی نوێی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بڕیارە لە داهاتوودا تەواوی پڕۆژەكە ئامادە بكەن و بیخەنە بەردەست پەرلەمانی كوردستان.
زیاتر گوتی، تا ئەو سیستەمە ئامادە نەكرێت پەرلەمانی كوردستان ناتوانێت كۆببێتەوە و چاوەڕوانی كاری ئەو لیژنەیە دەكەین.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە پەرلەمانی كوردستان لەو كۆبوونەوەیەدا چوار بڕیار دەركراوە كە ئەمانەن:
1. ئامادەكاری بكرێت بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان و پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان.
2. هاوئاهەنگی تەواو لەنێوان حكوومەت و پەرلەمان بۆ ئەو پرسانەی باسكران هەبێت.
3. دوای تەواوكردنی ئەم رێكارانە پەرلەمان دانیشتنێكی تایبەت لەسەر ئەم پرسانە ئەنجام دەدات.
4. كۆبوونەوەیەك لە نیوان حكوومەت و لیژنە پێوەندیدارەكان ئەنجام بدرێت، بە مەبەستی زووتر گەڵاڵەكردنی سیستەمی نوێی مووچە كە حكوومەت بنەماكانی داڕشتووە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم