هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە چاوەڕوانی شاندی هەرێم دەكات

:: PM:06:20:20/09/2017 ‌

بەرپرسی فایلی كورد لە هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە رای گەیاند بڕیاربوو شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بەڵام لە هۆكاری دواكەوتنی سەردانەكەیان ئاگەداریان نەكردوونەتەوە.

عەبدوڵا زەیدی بەرپرسی فایلی كورد لە هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە)، ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە هەڵوێستی هاوپەیمانی نیشتیمانی لە بەرامبەر ریفراندۆم نەگۆڕە و راپرسی رەت دەكەینەوە نەوەك دواخستنی، دووپاتی كردەوە كە هەڵوێستی هاوپەیمانی نیشتیمانی ئەوەیە كە لە بەرامبەر دواخستنی ریفراندۆم هیچ دەستكەوتێك بە هەرێم نادەین.

ئاماژەی كرد، هەرێمی كوردستان دەستووری عێراقی ئیمزا كردووە و كە هەمووان پابەندی یەكپارچەیی عێراق و پارچە نەكردنی دەكاتەوە، بۆیە هەرێمی كوردستان ناچارە بە مانەوە لە چوارچێوەی عێراق.

زەیدی ئاشكرای كرد كە لەكاتی سەردانی پێشتر هاوپەیمانی نیشتیمانی نۆ مادەی یاسایی بە وردی خستە بەردەم شاندی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی و بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەردوولا، بەڵام ئەوان پێوەی پابەند نەبوون.

ئەو بەرپرسە شیعە دووپاتی كردەوە كە ئامادەن بۆ بچووككردنەوەی كێشەكانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا و ئەوەش باشترین گەرەنتییە بۆ كورد بەمەبەستی پاشگەزبوونەوە و لابردنی بیرۆكەی ریفراندۆم، لەو پێناوەش هاوپەیمانی نیشتیمانی رۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ گەیاندنی پەیامێك بۆ كورد بۆ هاندانیان بۆ گۆڕینی بیركردنەوە و شێوازیان. 

لە ناوەڕاستی مانگی ئابی رابردوو شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم سەرانی بەغدای كرد و خواستی كوردی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان گەیاندە بەغدا و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حكوومەت و حزبەكانی بەغدا كۆبووەوە، هاوكات دوا كۆبوونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) بوو كە تیایدا نووسراوی داواكاری هەردوولا ئالوگۆڕ كرا، بڕیار بوو ئەم هەقتەیە شاندی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە، بەڵام تا ئێستە وادەی سەردانەكە دیار نییە. 

سەرچاوە: بەغداد تودەی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل