نێچیرڤان بارزانی: ریفراندۆم خواستی گەلی كوردستانە بۆ دیاریكردنی داهاتووی خۆی

:: PM:07:39:20/09/2017 ‌
باڵوێزی نوێی هۆڵەندا لە عێراق ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هاوكاریكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا پێشان دا و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش رای گەیاند كە مەبەست لەو ڕیفراندۆمە خواستی گەلی كوردستانە بۆ دیاریكردنی داهاتووی خۆی.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئەیلوول، بە پێی هەواڵێكی ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ماتگیز وۆلتەرز، باڵوێزی نوێی هۆڵەندا لە عێراق  كۆبووەوە.

بە پێی هەواڵەكە، باڵوێزی نوێی هۆڵەندا ئاماژەی بە سەردانە مەیدانییەكانی بۆ كەمپی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان كردووە و دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پێشوازیكردن لە ئاوارە و پەنابەران و پاراستن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆیان.

وۆلتەرز ئامادەییی وڵاتەكەیی بۆ هاوكاریكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا پێشان دا.
لەبارەی پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، لەو كۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە، مەبەست لەو ڕیفراندۆمە خواستی گەلی كوردستانە بۆ دیاریكردنی داهاتووی خۆی و دووپاتیشی لە دەست پێ كردنی دیالۆگێكی ڕژد و دۆستانە لە نێوان هەولێر و بەغدا كردەوە و بە پێویستی زانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم نێوەندەدا ڕۆڵی ئەرێنیی خۆی ببینێت.

هاوكات سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سوپای عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی مەترسی تیرۆرستانی داعش لە ناوچەكە بەردەوام دەبێت.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم