33 پەرلەمانتاری ئەوروپا پشتگیری لە ڕیفراندۆمی كوردستان دەكەن

:: PM:07:59:20/09/2017 ‌
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە برۆكسل ڕای گەیاند، ئەمڕۆ 33 پەرلەمانتاری یەكێتیی ئەوروپا بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە كە تێیدا پشتگیری خۆیان بۆ خواستی خەڵكی كوردستان بۆ مافی چارەی خۆنووسین و بەرێوەچوونی ڕیفراندۆم دەربڕی.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئەیلوول، دلاوەر خالید ئاژگەیی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە برۆكسل رای گەیاند، لە پێشهاتێكی گرنگدا لە برۆكسلی پایتەختی سیاسیی ئەوروپا، ئەمڕۆ 33 پەرلەمانتاری یەكێتیی ئەوروپا كە هەموویان ئەندامی گرووپی دۆستایەتی كوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپان، بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە كە تێیدا پشتگیری خۆیان بۆ خواستی خەڵكی كوردستان بۆ مافی چارەی خۆنووسین و بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم دەربڕی.

زیاتر گوتی، لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بە مێژووی كورد لە یەك سەدە لە نەهامەتی و چەوسانەوە لە سەر دەستی ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق كراوە و ئاماژەیان بەوە كردووە كە خەڵكی كوردستان مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان هەیە، كە ئەوەش لە جاڕنامەی مافە بنەڕەتییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا چەسپاوە.

ڕوونی كردەوە، لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا پەرلەمانتارانی ئەوروپی ئاماژە بە ئەزموونی كوردستان لە خۆبەڕێوەبەری دەكەن و دەڵێن، لە دەیەی ڕابردوودا كوردەكان لە عێراق مۆدێلێكی سیاسیان پێڕەو كرد كە تێیدا مافی تێكڕای پێكهاتەكان و هەروەها یەكسانی نێوان ژن و پیاو دەستەبەركراوە.

ئاژگەیی ئاماژەی بەوە كرد، پەرلەمانتارانی یەكێتیی ئەوروپا داوا لە لایەنی جێبەجێكار لە یەكێتیی ئەوروپا دەكەن كە ستراتیژێكی نوێ بەرامبەر عێراق دابڕێژێ كە بگونجێ لەگەڵ واقیعی نویی عێراقدا و ئاماژە بە خواستی ڕەوای خەڵكی كوردستان بكات و ڕیز لەو خواستە بگرێ.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم