پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، ڕۆژی شەموو پەرلەمانی كوردستان لەبارەی چەند پرسێكەوە كۆ دەبێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئەیلوول، ئاواز حەمید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیارە رۆژی شەموو سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی ئاسایی ئەنجام بدات.
زیاتر گوتی، یەكێك لە بڕگەكانی دانیشتنی ڕۆژی شەموو تایبەت دەبێت بە گفتوگۆكردن لەبارەی درێژكردنەوەی یاسای بەكرێدان و تەوەرێكی تریش گفتوگۆكردن دەبێت لەبارەی درێژكردنەوەی ماوەی كارپێكردن بە یاسای دژەتیرۆر لە هەرێمی كوردستان.
بە پێی زانیارییەكانی "وشە" هەر لەم دانیشتنەی پەرلەمانی كوردستاندا بڕیارە یەكێك لە پەرلەمانتارەكان دەست لەكار بكێشتەوە و یەكێكی تر بچێتە شوێنی ئەو.
دوای ڕێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان پاش 13 مانگ، پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی 15ی ئەیلوول كارا كرایەوە و یەكەمین بڕیاریش پەسەندكردنی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بوو كە 60 پەرلەمانتار دەنگیان بۆ دا، بەڵام تا ئێستە گۆڕان و كۆمەڵ بەشداری ئەو كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانیان نەكردووە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم