وادەی چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دیاری دەكەن

:: PM:09:02:20/09/2017 ‌

سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە هەریەك لە فوئاد مەعسووم سەركۆماری عێراق و مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر رەوانەكردنی شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا رێككەوتوون.

بە پێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق كە ئەمڕۆ چوارشەم بڵاو كرایەوە، ئەمڕۆ لە سلێمانی لە میانەی بەشداریكردنی هەردوو سەرۆك لە كەرنەڤاڵی بەڵێ بۆ ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، ئەوان كۆبوونەتەوە و بۆچوونی خۆیان لەبارەی دوا پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی ئالوگۆڕ كردووە، بەتایبەتی پرسی ریفراندۆم.

لەو دیدارەدا مەعسووم تیشكی خستووەتە سەر ناوەڕۆكی دەستپێشخەرییەكەی و هەوڵەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستان.

بەیاننامەكە ئاماژەی كرد كە دووپات كراوەتەوە لەسەر پێویستی یەكخستنی هەوڵەكان و پەنابردن بۆ گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكانی كە هەیە و دووپاتیشی كردەوە كە لەو كۆبوونەوەدا بڕیار دراوە لەسەر رەوانەكردنی شاندێكی باڵای كوردستان بۆ بەغدا لە دوو رۆژی داهاتوودا.

مانگی رابردوو شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم سەردانی بەغدای كرد بەمەبەستی پێ راگەیاندنیان بە خواستی هەرێمی كوردستان بە ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم لە 25ی سێپتێمبەر، ئەوان چاویان بە هەرسێ سەرۆكایەتی عێراق و هەموو لایەن و حزبەكان كەوت و نووسراوی گفتوگۆشیان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە ئالوگۆڕ كرد.

حەوتی حوزەیران/ یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/ سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. 

سەرچاوە: شەفەق نیوز





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل