جۆن ستیوارت مێڵ و لیبڕاڵییەت

:: PM:09:39:20/09/2017 ‌
بەشی دووەم/ مێژووی ژیان و مردنی مێڵ

جۆن ستیوارت مێڵ لە ٢٠ی مایۆی ساڵی ١٨٠٦ لە بەریتانیادا لەدایك بووە، ئەو فەیلەسووف و ئابووریناسێكی بەریتانییە، زۆربەی تەمەنی كارمەند بووە لە كۆمپانیای ڕۆژهەڵات- هیند و چەند ساڵێكیش سەرۆكی ئەم كۆمپانیایە بووە. هەروەها دەستێكی باڵای هەبوو لە فەلسەفەی خوێندنەوە و فەلسەفەی فێركردن. جۆن ستیوارت یەكێكە لە دیارترین ئەو كەسانەی، كە نزای مەزهەوی خۆشی داناوە.

مێڵ بە پلەی یەكەم لە چەند بوارێكدا نووسەرێكی چالاك بوو. لە بواری لۆژیك، تیۆریی زانیار، ئاكارناسی و ئابووری سیاسیدا تاوێكی زۆری هەبوو. بەرهەمە سیاسییەكانی مێڵ فرەوان و سەنگینن، بۆ نموونە لە ئازادی سیاسی، مافی سیاسی، حوكومڕانیی نوێنەرەكی و دۆزی ژنان، دواوە. كاری لەسەر فەلسەفەی لیبڕاڵی كردووە، بینی فەلسەفەی لیبڕاڵی لە ڕاگەیاندنەكان دەوری زیادكردنی جەماوەر دەبینێ، بەو مەبەستەی ئەقڵەكانیان لەسەر بناغەیەكی سرووشتی ساغ بیر بكاتەوە، بەتایبەت ئەو ئەو زانیارییانەی، كە پەخش دەكرێت، دەبێت ناوی بابەتی لێ بنرێت. 

بەهۆی فەلسەفەی لیبڕاڵەوە تاكی كۆمەڵگە بگاتە چێژی تاكەكەسی بە ڕەهایی، هەروەها ئەوەی ویستی لەسەر بێت و بیەوێت، بتوانێت بیكات و هیچ كەسێك نەبێتە بەربەست و ڕێگر لەبەر دەم ژیان و كارەكانی، هیچ كەس نەتوانێت دەستی تێوەربدات. لەسەر ئەم پرسەدا جۆن ستیوارت مێڵ دەڵێت: "ئەگەر هەموو مرۆڤایەتی لەسەر ڕایەك كۆدەنگ بوون، تەنیا یەك تاكە كەس ڕای لەگەڵ هەموو مرۆڤایەتی جیاواز بوو، ئەوان بۆیان نییە بێدەنگی بكەن، بەهەمان شێوە ئەگەر ئەو تاكەكەسەش دەسەڵات و هێزی هەبێت، نابێت بێدەنگیان بكات.

جۆن ستیوارت مێڵ لە شاری لەندەنی وڵاتی بەریتانیادا لەدایك بووە. هەروەها لە باشووری فڕەنسادا، لە شاری ئەڤنیون كۆچی دوایی كردووە، باوكی جیمس مێڵ فەیلەسووف و مێژوونووس و ئابووریناس بووە، لە قوتابییەكانی بنتامە لە بابەتی ئەخلا ق ئابووریناسیی سیاسی. لە منداڵییەوە باوكی شەرەفی پەروەردە و فێركردنی كوڕەكەی پێ بڕا. هەر ئەویش بووە هۆی ئەوەی كاریگەری لەسەر دروست بكات، لە پەروەردەی تاكەكەسیدا.

مێڵ تەمەنی سێ ساڵان بوو، بە فێربوونی زمانی یۆنانی دەستی پێ كرد، كاتێ گەیشتە تەمەنی هەشت ساڵان ژمارەیەك كتێبی كلاسیكی و لاتینی و یۆنانی خوێندەوە. مێڵ هەرچەندە تەمەنی بچووك بوو، بەڵام دەیتوانی بەسەر ئەوەی دەیخوێنێتەوە، زاڵ بێت و تێی بگات. لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بە خوێندنی لۆجیك و فەلسەفە دەستی پی كرد، هەروەها كاتێ گەیشتە تەمەنی ١٣ ساڵی، فەلسەفەی سیاسی خوێند، ئاشنای بنەماكان و تیۆرەكانی ئابووریناسیی ئینگلیزی ڕیكاردۆ بوو. بەم شێوەیە مێڵ توانی لە تەمەنێكی بچووكدا، ئاستی ڕۆشنبیری و زانستیی فرەوان بكات. لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا چووە وڵاتی فڕەنسا، سەردانی بنەماڵەی ساموێل بنتامی برای جرمی بنتامی كرد، لەوێدا دەستی بە خوێندنی زانستەكان كرد، كاتێ گەڕاوە لەندەن مافەكانیشی خوێند.

لە ساڵی ١٨٢٣دا، وەكوو فەرمانبەری كۆمپانیای ڕۆژهەڵاتی هیندی بەریتانی، كاری كردووە، هەمان كات باوكیشی فەرمانبەرێكی گەورەی هەمان كۆمپانیا بوو، پلەی فەرمانبەرێتی گەیشتە بەرزترین پلە لە ساڵی ١٨٥٨دا.

سەرسامی شاعیر و فەیلەسووفی ئینگلیزی كۆلرگ بوو، هەروەها ئاشنای فیكری ئەڵمانیش بوو، لەگەڵ ئەمانەشدا سەرسامی "ئۆگێست كۆنت" و فەلسەفە مەیدانییەكەی بوو. گەڕاوە سەر بەكارهێنانی تێڕوانینی مەزەوی بنتام. بەڵام لەبارەی بەكار هێنانەكەی ڕێكی خست، هەرچەندە ئەمە پێچەوانەی بەكار هێنانی بنتام خۆی بوو.

لیبڕالیزم بەگشتی دوو شاڕێبازی هەیە، لیبڕالیزمی سیاسی و لیبڕالیزمی ئابووری (سەرمایەداری- كاپیتالیزم). باوەڕ بەوەی ئازادیی ئابووری پیرۆزە هەر لە سەردەمی ئادەم سمیتەوە گرێ درابوو بە تیۆرییەكی پێشكەوتووی ئابوورییەوە. جۆن ستیوارت مێڵ شانوێنەری لیبڕالیزمی جڤاكییە. ئەم ڕێبازەی لێبڕالیزم، بە مەبەستی چارەسەری هەژاری و نەداریی چینی كرێكاران، چەند جۆرێك دەست تێوەردانی دەوڵەت دەسەلمێنێت، دژ بە پاوان (مۆنۆپۆل) ی ئابووری دەوستێت و ڕێ گرتن لە ڕكابەریی ئازاد ناسەلمێنێت. مێڵ لیبڕالیزمی سیاسی لە لیبڕالیزمی ئابووری جودا دەكاتەوە.

بە نۆڕینی مێڵ، دیمۆكراتیی نوێنەرەكی مەترسیی گەورەی تێدایە. چینی كرێكاران لە ناو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە دەبنە زۆرینە. ئەمەش گرفتی گەورەی بە دەمەوەیە، دەشێ ڕای گشتی هەڵبژێر نابەهرەمەند دەرچێ و پاڵێوراوی نابەهرەمەند بۆ پەرلەمان و... هتد پێشكەش بكات. بەڵام تەگەرەی گەورە لەوەدایە ئەم چینە وەك چین بێتە پێش و بەرژەوەندی چینایێتیی خۆی پێش بەرژەوەندی گشت جڤات بخاتەوە. دوور نییە چینگۆڕكێ ڕوو بدات. لە كۆتاییدا، لە ساڵی ١٨٧٣دا، لە شاری ئەڤینیونی وڵاتی فڕەنسا كۆچی دوایی كرد، لە كاتی بە خاكساپردنی پێنج كەس ئامادەی ڕێوڕەسمی بە خاكسپاردنەكەی بوون، لە تەنیشت ژنەكەی ناشتیان.

سەرچاوە/ المعرفە

بەشی یەکەم



وشە - ژیڤان خۆرانی