كچه هونه‌رمه‌ندی لاوی كورد (سروود سهیاڵی)، هه‌وادارانی به هاوشێوه‌ی (مریه‌م فارس)ی گۆرانیبێژی ناوداری لبنانی ناوی ده‌به‌ن به‌هۆی قژه لوولهكهیهوه، له نوێترین ده‌ركه‌وتنیدا له واڵی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك كۆمه‌ڵێك نهێنی ده‌دركێنێت.
وه‌ك له وێنه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت جلێكی سه‌رنجڕاكێشی له‌به‌ردایه و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سه‌رقاڵ كردووه، له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانیش باسی ئه‌وه ده‌كات، بۆ هه‌میشه‌یی روومان له كه‌نه‌دا كردووه، تا ئێسته‌ش بیرمان له گه‌ڕانه‌وه بۆ كوردستان نه‌كردووه‌ته‌وه، ناشزانین دۆخه‌كه چۆن ده‌بێت، به‌ڵام ئێسته نیازی گه‌ڕانه‌وه‌مان نییه.
له به‌شێكی تری په‌یامه‌كه‌ی نووسیوویه‌تی، له بهرنامهشمدا هه‌یه كۆنسێرتیێك بۆ دانیشتوانی كوردی كه‌نه‌دا ئه‌نجام بده‌م، له هه‌ر شوێنێكیش بانگێشتی كۆنسێرتم ئاراسته بكرێت، پێم خۆشه.
سروود پێشتر ڕای گه‌یاندبوو، هه‌ر له منداڵییه‌وه باوكم بۆ من هه‌موو شتێك بووه، باوك و برا و خۆشه‌ویست و هاوكار و ده‌رهێنه‌ر و هه‌موو شتێكی من بووه، هه‌رچییه‌ك بكه‌م ته‌نانه‌ت بچووكترین شت بێت، ده‌بێت بۆچوونی ئه‌و وه‌ربگرم، دایك و خوشك براكانیشم به هه‌مان شێوه هاوكارمن.
سروود ئاسۆ ناسراو به "سروود سهیاڵی"، له ساڵی 1997 له به‌غدا و له دایكێكی كه‌ركووكی و باوكێكی خانه‌قینی له‌دایك بووه، به‌گوته‌ی خۆی هه‌ر له منداڵییه‌وه به‌هۆی میوزیكژه‌نی باوكییه‌وه، چۆته ناو بواری هونه‌ری و گۆرانی له چه‌ندین ئاهه‌نگ و ڕێوڕه‌سم و بۆنه‌دا وتووه، تا قۆناغی دووه‌می په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانیشی خوێندووه و دواتر له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی، سه‌فه‌ری وڵاتی كه‌نه‌دایان كردووه و ئێسته‌ش له شاری هانۆڤه‌ری ئه‌و وڵاته نیشته‌جێیه، به نیازه ئه‌لبوومێك ده‌ربكات به هه‌ر پێنج زمانی (كوردی و عه‌ره‌بی و فارسی و توركی ئینگلیزی) گۆرانی بڵێت.