بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ شێلادزێ بەردەوامە

:: AM:12:09:21/09/2017 ‌

ئەمشەو جارێكی تر فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی سنووری شارەدێی شێلادزێی سەر بە شارۆكەی ئامێدیان كردەوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە چوارشەم حەوت كەس بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا شەهید بوون و سوڕانەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەردەوامە.

زێدان عومەر شایەتحاڵ لە شارەدیێ شێلادزێ بە "وشە"ی راگەیاند، سەعات 22:30ی ئەمشەو چوارشەم جارێكی تر فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی سنووری شارەدیێ شێلادزێیان دەست پێ كردەوە و ترس و دڵەراوكێیەكی زۆریان خستە دڵی خەڵك.

زیاتر گوتی، پێویستە هەرچی زووە بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بوەستێنرێت و هەروەها داوا لە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەین كە بە زووترین كات ناوچەی دەڤەری رێكان چۆڵ بكەن، چونكە بەهۆی ئەوانەوە بۆردومانی توركیا لە سنووری شارەدیێ شێلادزێ دەكرێت.

بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ حەوت هاووڵاتی لە كۆمەڵگەی سیریێ و هەردوو شارەدیێ شێلادزێ و دێرەلووك لەلایەن فڕۆكەی توركیا شەهید كران.

پێشتر وارشین بەرواری بەڕێوەبەری شارەدیێ شێلادزێ بە "وشە"ی راگەیاندبوو كە حەوت كەس لە سنووری شارەدیێ شێلادزێ بەهۆی فڕۆكەی توركیا كوژران و تەرمی سێ كەس گەیەنراون بە نەخۆشخانەی شێلادزێ، بەڵام تەرمی چوار كەسی تر تا ئێستەش لە دەڤەری رێكان ماون.

سەرچاوەیەك لە شێلادزێ بە "وشە"ی راگەیاند، چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان رێگە بە هاووڵاتییان و فریاكەوتنی شێلادزی نادەن كە بچن تەرمی قوربانیانی شێلادزێ بگەڕێننەوە و تا ئێستە تەرمی چوار كەس لەو قوربانیانە لە دەڤەری نێروەورێكان ماون.

دەڤەری نێروەو رێكان لە 102 گوند پێك دێت و سەرجەمیان دەكەونە ژێر دەسەڵاتی پەكەكە و دەیان بنكە و بارەگەی ئەوان هەیە، بەهۆی ئەوانەوە تەنیا ئەم ساڵ زیاتر لە 50 جار بۆردومان كراوە و بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە ئەم ساڵ هەشت كەس كوژراون و نۆ كەسیش بریندار بوون و تا مادەكردنی ئەم هەواڵە بۆردومان و سوڕانەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەردەوامی هەیە.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل