رەنگە رۆناڵدۆ سزایەكی تری بەسەردا بسەپێنرێ

:: PM:01:08:21/09/2017 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی مەترسی سزایەكی تری لەسەرە بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر یاریزانێكی یانەی ریال بیتیس لە یارییەكەی شەوی رابردووی یانەی ریال مەدرید.

شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە گەڕی پێنجەمی خولی ئیسپانیادا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە گۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی ریال بیتیس دۆڕا.

رۆناڵدۆ لەو یارییەدا بۆ یەكجار دوای تەواوبوونی سزای راگرتنی لە 5 یاریی لەلایەن یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیاوە، یاریی كرد.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: لەو یارییەدا رۆناڵدۆ دوای لەدەستدانی تۆپێك بەرامبەر عیسا ماندی یاریزانی جەزائیری و یانەی بیتیس، بەتوندی ئازاری ئەو یاریزانەی دا بێ ئەوەی تۆپی لەلابێت.

هەرچەندە ناوبژیوانی یارییەكە هیچ كاردانەوەیەكی بەرامبەر رووداوەكە نەكرد، بەڵام رووداوەكە لە ڤیدیۆی یارییەكەدا تۆمار كراوە و بەمەش رەنگە یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بە پێشێلكردنی یاساكان و ئەنجامدانی توندوتیژی سزای راگرتنی بەلایەنی كەم لە 2 یاریی بەسەر ئەو ئەستێرە پورتوگالییە بسەپێنێ.

جێی باسە رۆناڵدۆ مانگی رابردوو لە یاریی چوونی كلاسیكۆی جامی سوپەری ئسپانیادا بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە كارتی سووری پێدرابوو بەهۆی ئەنجامدانی كاری نابەجێ بەرامبەر ناوبژیوان و دوای ئەمەش بەهۆی رووداوەكە یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا سزای راگرتنی لە 5 یارییدا بەسەر سەپاند.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م