پیلانە مەترسیدارەكەی عەرەب و توركمان لە خورماتوو ئاشكرا بوو
بەشی زۆری توركمان و عەرەبەكانی سنووری خورماتوو لە هەوڵی ئەنجامدانی پیلانێكدان و دەزگە تەناهی و حزبە كوردستانییەكانی ئەو سنوورەش، لە ئامادەكاری تەواودان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لەو سنوورەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئەیلوول، ئەرسەلان عەلی سەرپەرشتیاری لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، زانیاریمان بە دەست گەیشتووە كە بەشی زۆری توركمان و عەرەبە شیعەكان، منداڵ و ژنەكانیان گواستووەتەوە بۆ ناوچەكانی دەرەوەی سنووری خورماتوو.
زیاتر گوتی، ئەوە جۆرێكە لە پیلانی توركمان و عەرەبەكان و ئەم پیلانە بۆ ئەوەیە كە وای نیشان بدەن ئەوان لە سەروبەندی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، مەترسییان لەسەرە. ڕوونی كرەوە كە توركمان و عەرەبە شیعەكان هان دەدرێن بۆ گرتنەبەری پیلانی لەو جۆرە.
ئەو بەرپرسە حزبییەی سنووری خورماتوو ئاشكرای كرد كە بۆ ڕۆژی 25ی ئەیلوول و بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە سنوورەدا، تەواوی ئامادەكارییە تەناهییەكان كراوە و كەرنەڤاڵی پشتگیری لە سەربەخۆییش بەردەوامی دەبێت.
هاوكات حەسەن بارام جێگری بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەم كاتەدا پێویستە تەواوی حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان یەكدەنگ بن و دژی هەر پیلانێك بن كە لەلایەن پێكهاتەكانی ترەوە هەوڵ دەدەرێت جێبەجێ بكرێت.
رائید فاڕووق ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاسایشی شارۆكەی خورماتوو زانیاری ئەو دوو بەرپرسە حزبییەی پشتڕاست كردەوە و بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئاگەدارین زۆرێك لە ماڵە شیعەكان و توركمانەكان بە تایبەتی تەنیا كەسێك وەك سەرۆك خێزان ماوەتەوە و چەكیان پێیە، بەڵام رێ نادەین ئاڵۆزی دروست بكەن .
ئاشكرای كرد كە لەو جێیانەی كورد دەنگی تێدا دەدات بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، لە لایەن پێشمەرگە و ئاسایشەوە دەپارێزرێن.
حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.
گەرمیان/ سەبری هۆرینی
وشە -
سهرخێڵ هاشم