ئاگەدارییەك لە كۆمسیۆنەوە لەبارەی بانگەشەی ریفراندۆمەوە
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان ئاگەدارییەك لەبارەی ڕاگرتنی بانگەشەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بڵاو دەكاتەوە و چەند خاڵێك دەخاتە ڕوو.
ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئەیلوول، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕای گەیاند، سەعات 12ی شەوی 22ی ئەیلوول هەموو جۆرە بانگەشەیەكی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ڕادەوەستێت و هەر لایەن و دەزگەیەكی ڕاگەیاندن پێوەی پابەند نەبێت، بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و پێڕەوی تایبەت بە ڕاپرسی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
هاوكات شێروان زرار گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕاگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردن بە واتای لادانی سەرجەم پۆستەرەكانی بانگەشەیە لە نزیك بنكەكانی دەنگدان.
زیاتر گوتی، راگرتنی بانگەشە ئەو سپۆتانە ناگرێتەوە كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بڵاو كراوەتەوە و مەبەست لێی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییانە بۆ دەنگدان و چۆنیەتیی دەنگدان.
حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.
وشە -
سهرخێڵ هاشم