بارزانی پەیامێكی بڵاو كردەوە
گەلی كوردستان ژێردەستەیی ڕەت دەكاتەوە

:: PM:03:32:21/09/2017 ‌
مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ئەو كۆبوونەوە جەماوەرییانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەڕێوە چوون و هاواری پڕ بە گەرووی جەماوەری كوردستان بۆ سەربەخۆیی، بۆ خۆی ڕیفراندۆمێكە و ئێستە هەموو دنیا تێگەیشتووە كە گەلی كوردستان ژێردەستەیی ڕەت دەكاتەوە و دەیەوێ سەربەخۆ بێت

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئەیلوول، ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سوپاسنامەیەكی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە كە تایبەت ئاراستەی خەڵكی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و تێیدا هاتووە، جۆش و خرۆشی ئێوە پەیامێكی ڕوون بوو بۆ ناوخۆ و دەرەوە كە گەلی كورستان بە یەكڕیزی و یەكدەنگییەوە بەرەو ئامانجی خۆی هەنگاو دەنێت.

بارزانی دەڵێت، ئەو كۆبوونەوە جەماوەرییانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەڕێوە چوون و هاواری پڕ بە گەرووی جەماوەری كوردستان بۆ سەربەخۆیی، بۆ خۆی ڕیفراندۆمێكە و ئێستە هەموو دنیا تێگەیشتووە كە گەلی كوردستان ژێردەستەیی ڕەت دەكاتەوە و دەیەوێ سەربەخۆ بێت، ئێوەی جەماوەری خۆشەویستی كوردستان بە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانتان گوت كە سەربەخۆیی چەترێكە هەموو ڕەنگ و بیروبۆچوونە سیاسییەكان كۆ دەكاتەوە و ئاڵای كوردستان بەرز ڕادەگرن.

بارزانی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی داوە كە دڵنیایە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول بە هەمان جۆش و خرۆشەوە موژدەی سەركەوتن و سەربەخۆیی دەدەنە شەهیدان و بە سەربەرزییەوە ڕوو لە شەهیدان دەكەن و دەڵێن: ئیتر ژێردەستەیی تەواو، كاتی سەربەخۆیییە.

بارزانی سوپاسی هێزی پێشمەرگە و سەرجەم دەزگە ئیداری و تەناهییەكان و پۆلیسی هاتوچۆ دەكات بۆ هاوكارییان لە پاراستنی ئاسایشی خەڵك و باشتر بەڕێوەچوونی ئەو كۆبوونەوە جەماوەرییانە.

دوێنی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانی كرد و لە كەرنەڤاڵێكدا كە هەزاران كەس ئامادە بوون رای گەیاند، دڵنیا بووم سلێمانی پێشەنگی خەبات و تێكۆشان دەبێ.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم