ڕزگاری حه‌ویجه‌..هه‌ڵمه‌تێكی سیاسی له‌ ژێر په‌رده‌ی سه‌ربازییه‌وه‌

:: PM:03:52:21/09/2017 ‌

حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 21ى ئه‌یلوول، ده‌ستپێكردنى كرده‌وه‌گه‌لى رزگاركردنى حه‌ویجه‌ى له‌سه‌ر پێگه‌ى فه‌رمی خۆى له‌ فه‌یسبووك راگه‌یاند، فه‌رمانده‌یه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، حه‌ویجه‌ له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ كه‌وتووه‌، ته‌نیا له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ بوونی ماوه‌، ده‌ست پێكردنی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یش له‌م كاته‌دا بۆ هۆكاری سیاسی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێ، به‌غدا مه‌به‌ستی بوو پێش واده‌ی ڕیفراندۆمی كوردستان، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌ست پێ بكات.

راگه‌یاندنى ده‌ستپێكردنى كرده‌وه‌گه‌لى رزگاركردنى حه‌ویجه‌ له‌ كاتێكدایه‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ بڕیار بوو ئه‌نجام بدرێت و ئاماده‌كاریشی بۆ كرا و له‌ رێى فڕۆكه‌شه‌وه‌ خه‌ڵكی شارۆكه‌كه‌ ئاگادار كرانه‌وه‌، به‌ڵام بێ هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌ك دواخرا و سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش كرده‌وه‌گه‌لى رزگاركردنى قائیم له‌ پارێزگاى ئه‌نبار ده‌ستى پێكرد.

شارۆكه‌ی حه‌ویجه‌ 55 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشووری رۆژئاوای كه‌ركووك، زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ داعش حوكمی ده‌كات و به‌هۆیه‌وه‌ 25 هه‌زار خانه‌واده‌ ئاواره‌ بوونه‌ و زیاتر له‌ پێنج هه‌زار خه‌ڵكی سڤیل به‌ ده‌ستی داعش كوژراون.

كرده‌وه‌گه‌لى حه‌ویجه‌ به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ به‌ره‌و شاره‌دێییه‌كانى ره‌شاد، عه‌باسی و زاب ده‌ستى پێكردووه‌ كه‌ ناوچه‌یه‌كى ستراتیجی گرنگن و ده‌كه‌وێته‌ نێوان سنووری پارێزگاكانى كه‌ركووك، دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین كه‌ به‌پێى رێككه‌وتنى كرده‌وه‌گه‌لى هاوبه‌شی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق و هاوپه‌یمانان، له‌ سنووره‌كانى هێزی پێشمه‌رگه‌ سوپای عێراق بۆى نییه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر حه‌ویجه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى سه‌ربازی ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌، كه‌متر له‌ هه‌زار چه‌كداری داعش له‌ناو حه‌ویجه‌ هه‌ن و مۆڕاڵیان تێكشكاوه‌.

سه‌رچاوه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ ئاشكرای كرد كه‌ قۆناغی یه‌كه‌می كرده‌وه‌گه‌لى حه‌ویجه‌ شاره‌دێیه‌كانى ده‌وروبه‌ری ده‌بێ و به‌پێى پلانه‌كه‌ 28ى ئه‌م مانگه‌ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر سه‌نته‌ری شارۆكه‌ى حه‌ویجه‌.

ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ "وشه‌"ـی ڕاگه‌یاند، پێشمه‌رگه‌ سه‌نگه‌ره‌كانی خۆی جێگیر كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی داعش له‌ كاتی تێكشكانی دزه‌ نه‌كات هاوشێوه‌ی ته‌له‌عفه‌ر ئاماده‌كاری كراوه‌ و هاوئاهه‌نگیش له‌گه‌ڵ سوپای عێراق هه‌یه‌.

ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت، هێزه‌كانی عێراق شه‌ڕه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و هه‌فته‌ی پێشوو گفتوگۆمان هه‌بووه‌، شاندێكی سه‌ربازییان هاتوونه‌ نه‌خشه‌ و پلانه‌كانیان پێ‌ ڕاگه‌یاندووین، ده‌ستپێكی قۆناغی یه‌كه‌میش له‌ ناوچه‌ی شه‌رگاته‌.

یاوه‌ر زیاتر گوتی، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌ پێنج میحوه‌ر خراونه‌ته‌ ئاماده‌باشی و سه‌رجه‌م ڕێكاره‌كان كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داعش دزه‌ نه‌كات بۆ سنووره‌كانی كوردستان.

 عه‌قید شوان فه‌رمانده‌ی لیواى دووى هێزی پیاده‌ى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ "وشه‌" ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ كرده‌وه‌گه‌لى حه‌ویجه‌ زیاتر دیوی سیاسی هه‌یه‌ نه‌ك سه‌ربازی، چونكه‌ به‌پێى زانست و بنه‌ما سه‌ربازییه‌كان حه‌ویجه‌ خۆى كه‌وتووه‌.

عه‌قید شوان ده‌ڵێ مه‌به‌ستى سه‌ره‌كى حكوومه‌تى عێراق ئه‌وه‌ بوو كرده‌وه‌گه‌له‌كه‌ بخاته‌ پێش ئه‌نجامدانى ریفراندۆمی كوردستان كه‌ بڕیاره‌ چه‌ند رۆژێكى تر ئه‌نجام بدرێت.

له‌ رووه‌ سه‌ربازییه‌كه‌وه‌، ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی پێشمه‌رگه‌ باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ داعش توانای به‌رگری نه‌ماوه‌ و ژماره‌شیان له‌ناو حه‌ویجه‌ كه‌مه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ به‌ره‌و پێشوه‌چوونه‌كانى هێزی عێراقی له‌ رۆژئاوای حه‌ویجه‌ خێرا بكات. 

له‌باره‌ى جووڵه‌ پێكردنى هێزی پێشمه‌رگه‌، عه‌قید شوان ده‌ڵێ پێشمه‌رگه‌ تا ئێسته‌ دیار نییه‌ به‌شداری ده‌كات یان نا، هێشتا هیچ بڕیارێك له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه‌ نه‌دراوه‌، گوتى "كاتێك سوپا نزیك بووه‌وه‌ له‌ حه‌ویجه‌، ره‌نگه‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بڕیارێك بدات له‌باره‌ى به‌شداری هێزی پێشمه‌رگه‌". زیاتر گوتی "ئاماده‌كاری باش كراوه‌ كه‌ رێ نه‌درێت سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی بێنه‌ ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى پێشمه‌رگه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ خورماتوو كردیان و ئێسته‌ش نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و ناوچه‌كانیان چۆڵ نه‌كردووه‌، بۆیه‌ قبووڵ ناكه‌ین پێگه‌ی خۆیان له‌ كه‌ركووك جێگیر بكه‌ن".

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئاشكرای كرد، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت داعشه‌كانی حه‌ویجه‌ خۆیان راده‌ستى هێزی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن، به‌هۆى ئه‌وه‌ى تواناى شه‌ڕكردنیان نه‌ماوه‌.


وشە - فه‌رمان سادق