تا ئێستە یەكێتی سەرۆكی قەوارەكەی لە كۆمسیۆن یەكلای نەكردووەتەوە

:: PM:05:52:21/09/2017 ‌
یەكێتی نیشتمانی كوردستان تا ئێستە سەرقاڵی دیاریكردنی كەسێكە، كە ببێتە سەرۆكی قەوارەی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان و لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی پەسەند بكرێت.

سەرچاوەیەك لە مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە یەكێتی هیچ كەسێكی وەك سەرۆكی قەوارەكەی دیاری نەكردووە و ئێستە سەرقاڵی ئەوەیە كەسێك دیاری بكرێت لەلایەن مەكتەبی سیاسیی حیزبەكەوە، لە كاتێكدا بەپێی مەرجەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان لە كاتی پێشكەشكردنی مامەڵەی تۆماركردنی قەوارە دەبێت كەسێك وەك سەرۆكی قەوارەكە دیاری كرابێت و هەر ئەوكەسەش لە بری قەوارەكە واژووی لیستی داهاتووی حزبەكە دەكات.

لەمبارەیەوە ڕزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوان ئاگەداری وردەكاری و چۆنییەتی لیستی هەڵبژاردنی یەكێتی نین و ئەو پرسە پێوەندی بە مەكتەبی هەڵبژاردنەكانیانەوە هەیە.

ڕزگار عەلی دووپاتی كردەوە، كە لیستییان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێت و قەوارەكەیان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی تۆمار دەكەن.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری پێوەندی بە شۆرش ئیسماعیل بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كرد، بەڵام ئامادە نەبوو وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.

بەپێی بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان وادەی تۆماركردنی ناوی قەوارە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو تا 28ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.






وشە - تایبه‌ت