ئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم: ڕیفراندۆم دواناخرێت

:: PM:06:17:21/09/2017 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە شوێنی خۆیدایە و ڕیفراندۆم دواناخرێت

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئەیلوول، خەلیل ئیبراهیم ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دوا بەدوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە شوێنی خۆیدایە و ڕیفراندۆم دواناخرێت.

زیاتر گوتی، بڕیاردراوە ڕۆژی شەموو شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و دەرگەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دانەخراوە.

لەبارەی فشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕای گەیاند، هیچ وڵاتێك هەڕەشەی نەكردووە و تەواوی ئەو پێشنیازانەی وڵاتان تاوتوێ‌ دەكرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕای گەیاند، لە ناوخۆی كوردستان هیچ حیزب و لایەنێك دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نییە.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم