چوار بڕیار لە ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستانەوە

:: PM:06:28:21/09/2017 ‌
ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و چوار بڕیاریی دەركرد و دووپاتی كردەوە, كە ڕیفراندۆم لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئەیلوول، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و دوابەدوای كۆبوونەوەكەش لە ڕاگەیەنراوێكدا دووپاتی كردەوە، كە ڕیفراندۆم لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت.

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان چوار بڕیاری دەركرد كە ئەمانەن:

یەكەم: لەبەر ئەوەی هێشتا ئەو بەدیلەی جێگەی ڕیفراندۆم بگرێتەوە نەگەیشتووە و كاتی گونجاویش نەماوە، ئەگەر گرێنتیی تەواو بۆ سەربەخۆیی كوردستان نەدرێت، ڕیفراندۆم لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت.

دووەم: بڕیار درا بەهەموو شێوەیەك دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەكراوەیی بهێڵدرێتەوە و كاتی پێویستی پێ بدرێت.

سێیەم: كۆبوونەوە بڕیاری دا، كە بۆ ڕوونكردنەوەی دوایین هەڵوێست، شاندی دانوستانكاری ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ڕۆژی شەموو 23ی ئەیلوول سەردانی بەغدا بكاتەوە.

چوارەم: ئەنجوونی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاری دا، سكرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵا، هەردوو پڕۆژەی مافی پێكهاتەكان و ڕاگەیاندنی پرەنسیپی گشتیی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، پێش 25ی9ـی2017، بڵاو بكاتەوە.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم