بارزانی بۆ سەرۆكی فڕەنسا: ڕیفراندۆم لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت
مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا پێوەندیی تەلەفۆنی ئەنجامدا.
ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئەیلوول، ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كرەوە كە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئێمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنساوە پێگەییشت.
بەپێی هەواڵەكە، لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆككۆماری فڕەنسا ستایشی كوردستانی كرد و ڕۆڵی كوردستانی لە شەڕی داعش و حەواندنەوەی ئاوارە و لێقەوماوان بەرز نرخاند. هەروەها پشتیوانیی وڵاتەكەشی بۆ "یەكپارچەیی عێراق" و "مافەكانی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا" خستەڕوو و داوایشی كرد ڕیفراندۆم دوابخرێت.
لە بەرامبەردا بارزانی ڕای گەیاند، ڕیفراندۆم لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دەرگەی گفتوگۆش دانەخراوە و دوای ڕیفراندۆم، كوردستان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەكات.
حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.
وشە -
سهرخێڵ هاشم