كەسوكاری شەهیدانی چۆمان دووپاتی پشتگیری سەربەخۆی كوردستان دەكەنەوە
لە شارۆكەی چۆمان كەسوكاری شەهیدان لە كەرنەڤاڵێكدا پشتگیری خۆیان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆی كوردستان دووپات كردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئەیلوول، ئەشقی مەلا بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالكرانی شارۆكەی سۆران بە " وشە "ی ڕاگەیاند، لە كەرنەڤاڵێكدا, كە لە چۆمان بەڕێوەچوو كەسوكاری شەهیدان پشتگیری خۆیان بۆ پڕۆسەی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆی كوردستان دووپات كردەوە.
زیاتر گوتی، پێویستە هەموو گەلی كورد بۆ سارێژكردنی برینی كەسوكاری شەهیدان لە 25ی ئەیلوول دەنگ بە سەربەخۆی كوردستان بدەن، چونكە پاداشتی خوێنی شەهیدان تەنیا سەربەخۆی كوردستانە.
ڕوونی كردەوە جیا لە پشتگیری سەربەخۆی كوردستان پێداویستی خوێندن لەو كەرنەڤاڵەدا بەسەر كەسوكاری شەهیداندا دابەش كرا.
دەڤەری سۆران هەر چوار شارۆكەی سۆران و مێرگەسۆر و چۆمان و ڕواندز دەگرێتەوە، لە ماوەی شەڕی داعشدا تا ئێستە خاوەنی 128 شەهید و 800 بریندارە، لە كاتێكدا 41 هەزار پێشمەرگەی دەڤەری سۆران لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕ دان.
حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.
چۆمان / مورشید برادۆستی
وشە -
سهرخێڵ هاشم