كەرنەڤاڵی پشتگیری سەربەخۆی كوردستان لە گەرمیان ساز كرا

:: PM:08:36:21/09/2017 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئەیلوول لە شاری یاری شارۆكەی كەلاری ناوەندی گەرمیان كەرنەڤاڵێك بۆ پشتگیری سەربەخۆی كوردستان ساز كرا.

لە كەرنەڤاڵەكەدا ئەكرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، سەت ساڵە كورد لەلایەن ڕژێمە یەك بە یەكەكانی عێراق دەچەوسێنرێتەوە، بۆیە چیتر نابی ژێردەستەی قبووڵ بكەین.

زیاتر گوتی، دەنگدان بە  "بەڵێ" واتە ڕەتكردنەوەی ژیر دەستی و قبووڵ نەكردنی حووكمی ستەمكارانە و بە سەربەخۆبوونی كوردستان تەواوی تەنگژە سیاسیی و داراییەكان كۆتایی دێت كە ئێستە بەهۆی بەغداوە دروست بووە.

هاوكات كاروان كەلار وەك یەكێك لە ڕێكخەرانی كەرنەڤاڵەكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەتان هاووڵاتیی لەو كەرنەڤاڵەدا بەشداربوون و بە دەنگی بەرز داوای سەربەخۆ بوونی كوردستانیان دەكرد.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.

گەرمیان / سەبری هۆرینی













وشە - سه‌رخێڵ هاشم