لیوتار فەیلەسووفی پۆست مۆدێرنە

:: PM:08:43:21/09/2017 ‌
ژان فرانسوا لیوتار لەكایەیەكی فەلسەفیدا، ئەسپی خۆی تاو دا و بووە ئەستێرەیەكی دیاری دونیای پۆست مۆدێرنە، كە دارای بازنەیەكی فەلسەفی قۆناغێكی دیاریكراوی فەلسەفەیە. ژان فرانسوا لیوتار لە 10ی ئەیلولی 1924 لەدایك بووە. لیوتار فەیلەسوفێكی دیار و زانای كۆمەڵناس ‌و تیۆریستیی مەزنی فەرەنسییەكانە ‌و توانیویەتی بەهۆی بەرهەم ‌و تیۆر و وتارەكانی و ڕۆڵی ئەكادیمی خۆیەوە، نەك هەر فەرەنسا، بەڵكو تەواوی ڕۆژئاوا و هزری مرۆڤی هاوچەرخ بە نوسینەكانییەوە سەرقاڵ ‌و مژوڵ بكات.

 بەوە زیاتر ناوبانگ و ناوی پەیدا كرد، كە بۆ یەكەمجار چەمكی پۆست مۆدێرنەی تێكەڵ بە كایەی زانستە كۆمەڵایەتییەكان ‌و فەلسەفە كرد‌، بەتەواوی لەو مەیدانەدا و لە كۆتایی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا، توانی ئەسپی خۆی تاو بدات. نەك هەر ئەوە، بەڵكوو توانی پێكدادانی پۆست مۆدێرنە لە شیكار و شرۆڤەی خۆیدا، لەسەر ڕەوشی مرۆڤایەتی هەڵسەنگێنێت‌ و فەلسەفییانە شوێن دەستی خۆی لەو پێناوەدا پیشان بدات.

هاوڕێ‌ لەتەك بیرمەند و فەیلەسوفە مەزنەكانی وەك جاك درێدا و فرانسوا تشالی‌ و جیل دۆلۆز توانیان پەیمانگەی جیهانی فەلسەفە دابمەزرێنن، دیارە دامەزراندنی ئەم دامەزراوەیە لەو كات‌ و شوێنەدا، پاشان دەرهاویشتەی كارە ئەكادیمی ‌و عەقڵ هەژێنەكانیان لەو دامەزراوەیەدا، خزمەتێكی یەکجار گەورە و مەزنی بە نەزم ‌و نواڕینی فەلسەفەی هاوچەرخ‌ و نوێ‌ كردووە، لە كایەی فەلسەفەدا ئەو پەیمانگەیە ئێستاش بووەتە سەرچاوەیەكی گرنگ‌ و بەهێزی تەواوی ئەو نووسینانەی، كە لەسەر فەلسەفەی نوێ‌ دەنووسرێن.

بەشدارییە سەرەكییەكانی لە فەلسەفەدا بریتین لە ڕەخنەی مۆدێرنێتە و نووسینەكانییەتی لەسەر داروخانی هزر و ئایدیۆلۆژیا مەزنەكان، كە بە گێڕانەوە ‌و چیرۆكە مەزنەكان ناوی بردوون. لەهەمان كاتیشدا، ڕەخنەی لە ڕۆشنگەریی گرتووە ‌و یەكێكە لەو كەسانەی، كە هەڵشاخاوە بە شاكارەكانی ڕۆشنگەریدا، بواری مۆدێرنەی بە شیكار و شرۆڤەكانی ‌و بە پێشنیازە نوێیەكانی قەڵس‌ كردووە، بە تەواوی نەوەیەك لە عەقڵمەندانی سەرقاڵی ململانێ‌ و پێكدادانی دوو قۆناغ كردووە، كە بە قۆناغەكان یاخود پڕۆژەكانی مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنە ناویان براوە.

لیوتار لەبەرئەوەی پێی وابووە هەموو ئەو ئایدیۆلۆژیانە دەرهاویشتەی ڕۆشنگەرین ‌و تێكڕایان یەك ئامانجیان هەیە، كە بریتین لە ئازادیخوازی‌ و گەیشتن بە كامەرانی ‌و خۆشگوزەرانی مرۆڤ ، لیوتار هەموو ئەوانەی لە بازنەی عەقڵدا پیشاندابوو، بە نەزمێكی ناعەقڵانی لەبەرامبەریان وەستا و ڕووە نەرێنییەكانی كردنە بابەتێكی زیندووی ناو مشتومڕەكان، چونكە لیوتار پێی وایە تێكڕای ئەوانە شكستیان هێنا و بەشێوەیەكی فرە فراوان لە لووتكەوە كەوتنە خوارێ‌.

هەربۆیە دەخوازێ‌ لەم جەهەنەمی مۆدێرنێتەدا بێنە دەرێ‌، ئەو دۆزەخە مرۆییەی كەمەندكێش كرد، بۆ ڕووداوگەلی چونكە ناكازاكی‌ و هێرۆشیما و هۆڵەكۆست. دیسان زەمەنی مرۆڤی كۆیلەی بەرهەم ‌و بەكارهێنانەكانی كردووە، بەو زەمەنەی ژنی كردووەتە ئامراز و شەهوەتی پیاوسالاری ‌و ئەو زەمەنەی ئابوری خزاندووەتە گیرفانی پێرێكەوە و ئەو زەمەنی بەشێكی بەرچاوی گۆی زەوی لە بن دەستی بەشێكی تریدا بن دەست كردووە، هەموو ئەمانە لەلای لیوتار پێویستیان بە نەفەسی فەلسەفە بوو، پێویستیان بە شۆڕشێك بوو بۆ تێپەڕاندنی قۆناغێك ‌و دەستپێكی قۆناغێكی نوێ‌.

لیوتار لە قسنتینەی جەزائیر فەلسەفەی گوتووەوەتەوە، لە سەرەتای حەفتاکاندا، لیوتار لە زانکۆی پاریسدا، ساڵی ١٩٨٧ بە سەرۆکی شانازی پی کراو، هەڵبژێردرا. لەم ماوەشدا دوو گرێبەستی لە دەرەوەی وڵاتی فەڕەنسا و لە زانکۆکانی کالیفۆڕنیا پێشکەش کرا، بە مەبەستی وانەگوتنەوەی لە زانکۆکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بەگشتی. لیوتار لە زانکۆکانی جیهانی مامۆستا بووە و وانەی گوتووەتەوە، لەوانەش: (زانکۆی کون هوبکنز، زانکۆی کالیفۆڕنیا بیرکلی، زانکۆی ییل، زانکۆی ستوونی بڕۆک، زانکۆی کالیۆرنیا بسانت دیگۆ، زانکۆی مۆنتریال لە شاری کویکبیک لە کەنەدا و ساولو پاولۆ لە بەڕازیل.) هەروەها بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئەنجوومەنی پەیمانگەکانی جیهانی بووە، لە شاری پاریسی وڵاتی فەڕەنسادا. لەنێوان ئەو ماوەیەدا، کە لە پاریس و ئەتلانتا لە زانکۆی ئامۆری فەلسەفە و زمانی فەڕەنسایی دەگوتەوە، مرد. 


لیوتار بە هەمان وێنەی جاران گەڕاوە و دووبارەی تێگەیشتنی (لە پشت ڕووداوەکاندا) لە هەموو ئەو وتارانەی نووسیبووی، کۆی کردنەوە لەژێر چەند ناونیشانێک، ئەوانیش: (ڕوونکردنەوەی دوای ڕووداوەکانی منداڵان)، (گوتنی دوای ڕووداو)، (چیڕۆکی پاش ڕووداوەکانی منداڵ)، ژان فرانسوا لیوتار لە 21ی ئەپرێلی 1998 كۆچی دووایی كردووە.

سەرچاوە/ مایوز




وشە - ژیڤان خۆرانی