لە سبەینێوە چاودێری بنكەكانی دەنگدانی سلێمانی دەكرێت

:: PM:08:57:21/09/2017 ‌
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان لە سلێمانی بەرەو كۆتایی دەچن  و هەموو ئامادەكارییەك كراوە .
 
ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئەیلوول، شێروان زرار گوتەبێژی كۆمسیۆن باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان، ئامادەكارییەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەرەو كۆتایی دەچن.
 
زیاتر گوتی، لە سنووری پارێزگاكە سەرجەم بنكەكانی دەنگدان ئامادەكراون و كەسانی شارەزا بۆ سەرسندووقەكانی دەنگدان دانراون و گرێبەستیان بۆ كراوە.

ڕوونی كردەوە كە سبەی هەینی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی هەرێمی كوردستان بەسەر سەرجەم بنكەكانی دەنگدان لە سنوورەكە دەگەڕێت و بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگەداری گۆڕانكاری و كەموكورتییەكان بێت و چاودرێییان دەكات.

ئاماژەی بەوە كرد كە ڕۆژی شەموو ڕاپۆرتی كۆتایی لە بارەی چارەسەركردنی سەرجەم پێویستییەكان ئامادە دەكەین و یەكشەم تەواوی ئامادەكارییەكان ڕادەگەیەنین.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.
 

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - سه‌رخێڵ هاشم