بەغدا ناتوانێت پەیوەندییەكانی تەلەفۆنی نێوان كوردستان و جیهان ڕابگرێت

:: AM:08:55:22/09/2017 ‌


وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو هەواڵانە ڕەتدەكاتەوە كە باس لە بڕینی هێلی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و جیهان دەكات لەلایەن حكوومەتی عێراق.

ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكی كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە تیایدا هاتووە لەبارەی بڕینی هێلی پەیوەندی لەلایەن حكوومەتی عێراق، ئومێد محەمەد گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەڕوونكردنەوەیەكی دەڵێت، سەر لەبەری ئەو هەواڵە دوورە لە ئەگەری راگرتنی پەیوەندییەكانی تەلەفۆنی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی تری جیهان بە هۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە لە 25 – 9 دا بە راشكاوی دەڵێین ئەگەر بەغدا پەنا بۆ ئەو هەنگاوە ببات و بیەوێت وەكو سزا و گەمارۆیەك بەسەر هەرێمی كوردستانی بسەپێنێت، ئەوا رێكخراوی پەیوەندی جیهانی  (ITU  ) دێتە سەر هێڵ و دەتوانێت ئەو بڕیارەی بەغدا هەڵبوەشێنێتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەڕوونكردنەوەكەی دەڵێت، سێرڤەری ئەوكۆمپانیایانەی بواری‌ مۆبایل لەهەرێمی‌ كوردستاندان و سیستمی‌ پێشكەوتویان هەیە و ‌ gateway واتە دەروازەی دەرچوونیان هەیە و ئەگەر بەغداش بڕیارێكی وەها بدات هیچ كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان نابێت و دەتوانرێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.

چەند دەزگەیەكی عێراق لە دوو ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی بڕینی هێلەكانی پەیوەندییان بڵاو كردەوە لەلایەن حكوومەتی عێراق وەكو سزادانی هاووڵاتیانی هەریمی كوردستان.




وشە - رامیار جەواد