قۆناغی دووەمی ڕزگاركردنەوەی حەویجە دەستی پێ‌ كرد

:: AM:10:10:22/09/2017 ‌

حەشدی شەعبی بڵاوی كردۆتەوە بەگرتنەوەی چەندین گوند بەشی یەكەمی قۆناغی یەكەمی رزگاركردنەوەی حەویجە كۆتایی هات، ئەمڕۆ لە بەری رۆژئاوای شارەكەوە حەشدی شەعبی، دەستی بە ئۆپراسیۆن كردەوە.

ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، هێزەكانی حەشدی شەعبی بە فەرمی دەستپێكردنی بەشی دووەمی قۆناغی یەكەمی گرتنەوەی حەویجەیان لە رۆژئاوای شارەكە راگەیاند و بەپێی پلانی ئامادەكراو، لەو بەشە لە ئۆپراسیۆنەكەدا گوندەكانی سەر بە شارەدێی زابی حەویجە كۆنتڕۆڵ بكرێنەوە.

دوێنێ‌ فەریق رائید جەودەت شاكر فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە، گوتی لە بەیانی ئەمڕۆوە كە هەڵمەتی یەكەمی ڕزگاركردنەوەی حەویجە دەستی پێ كردووە، تا ئێستە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی توانیویانە لە قۆڵی شەرگاتەوە نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە.

ئاماژەی دا، زیانی زۆرمان بە تیرۆریستانی داعش گەیاندووە و 45 تەرمی چەكدارانی داعش ئێستە لە دەست هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵیدان، چەكدارانی داعش بە تەواوی ورەیان شكاوە و لە ڕووی دەروونییەوە داڕووخاون، ئەمەیش یارمەتیدەرێكی سەرەكی دەبێ بۆ تێكشكاندنیان بە خێرایی و كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی ناوچەكەی دەوروبەری حەویجە.

حەویجە یەكێكە لە شارۆكەكانی سەر بە پارێزگای كەركووك و دەكەوێتە نزیكەی ٦٠ كیلۆمەتر باشووری ڕۆژئاوای شارەكە و زۆرینەی دانیشتووانی عەرەبی سوننەن، لە ٢٠١٤ دوای هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق و گرتنی مووسڵ و هەڵاتنی سوپای عێراق، ئەو شارۆكەیەش كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش و تا ئێستەش لە ژێر كۆنتڕۆڵی تیرۆریستاندایە و پێشبینی دەكرێ نزیكەی سێ هەزار چەكداری سەر بە داعش لە نێو حەویجە بوونیان هەبێ، هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی شارۆكەكەیش بە بەشداری سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و دژە تیرۆر و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە دەستی پێ كرد.



وشە - رامیار جەواد