بەشی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، سبەی شەموو پلەكانی گەرما بەتەواوی دادەبەزێت و كەشوهەوای كوردستان بە تەواوی فێنك دەبێ و پلەكانی گەرما ڕوو لە دابەزین دەكەن.
ڕاگەیەنراوەكە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ هەینی ئاسمانی كوردستان لە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمی ساڵانە دەبێ، لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك ئاسمان ساماڵ دەبێ لەگەڵ هەندێك پەڵە هەوری جیا جیا، بەرزترین پلەی گەرما 40 پلەی سیلیزی و نزمترین پلەیش 21 پلەی سیلیزی دەبێ.
هەروەها سبەی شەمو بە هەمان شێوە ئاسمانی كوردستان لە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمی ساڵانە دەبێ، لە هەولێر و سلێمانی و كەركووك و دهۆك ئاسمان ساماڵ دەبێ لەگەڵ هەندێ پەڵە هەوری جیا جیا، بەرزترین پلەی گەرما 39 پلە و نزمترین پلەیش 22 پلەی سیلیزی دەبێ، تێبینی دەكرێ پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو و بە ڕێژەی دوو تا چوار پلە ڕوو لە دابەزین بكەن.