شارەزایانی بواری شوێنەوارناسی دووپاتی دەكەنەوە كە كنە و پشكنینی شوێنەواریی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێم وەك پێویست نەكراوە، بەڵام پاش ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەتوانرێت بەشێوەیەكی كردەنی كنە و پشكنین لەو ناوچانەدا بكرێت كە گرنگییەكی لە رادەبەدەریان لەڕووی شوێنەوارییەوە هەیە.
نادر بابەكر بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر، بە"وشە"ی راگەیاند، لە پاش راپەڕینی ساڵی 1991 و دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم كوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەواری كوردستان دامەزراوە و لەڕووی كارگێڕییەوە هیچ پێوەندییەكی بە حكوومەتی عێراق نەبووە و بەتەواوەتی سەربەخۆیە.
روونی كردەوە، "لە دەرەوەی سنووری هەرێمی كوردستان تەنیا لە پارێزگاكان لێكۆڵەری شوێنەواری هەیە كە سەربە دەستەی شوێنەواری بەغدان و پارێزگاكان دەسەڵاتیان نییە بۆ دانانی پارچە شوێنەوارییە دۆزراوەكان لە مۆزەخانەی خۆیان، بەڵكو دەبێت رەوانەی بەغدا بكرێت بۆ تۆماركردن و دواتر ئەگەر بە پێویستی بزانن، كۆپییەك یان دانەیەك بۆ مۆزەخانەی پارێزگاكان رەوانە دەكەن".
لە پاش راپەڕینەوە، كوردستان هیچ پارچەیەكی شوێنەواری رادەستی بەغدا نەكردووە، وەك بەڕێوەبەرەكەی شوێنەوار دەڵێ، "تا ئێستە هیچ پارچەیەكی شوێنەواریمان رەوانەی بەغدا نەكردووە، بەڵكو بە تۆماری تایبەت لە مۆزەخانەی خۆمان تۆماریان دەكەین كە ئەویش نیشانەی سەربەخۆیی دەزگە شوێنەوارییەكانی كوردستانە".
بەرپرسە شوێنەوارییەكان گەشبینن بەوەی لە پاش ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، بە دەركردنی بڕیاری شوێنەواری نوێ و دانانی یاسای شوێنەواری لە پەرلەمانی كوردستان، دەست بكرێ بە چالاكی بۆ گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارییە دەست بەسەرداگیراوەكان و كاركردن لەسەر سایتە شوێنەوارییەكانی سنووری مادەی 140.
دكتۆر عەبدوڵا خورشید سەرۆكی سەندیكای شوێنەوارناسانی كوردستان، باسی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان دەكات كە لەڕووی شوێنەوارییەوە و بە "زۆر پڕ بایەخ و گرنگ" وەسفیان دەكات.
ئەو پێی وایە، "ئەگەر كاری رووپێوی شوێنەواری بۆ گشت ناوچەكانی سنووری كوردستان بكرێت، بە هەزاران ناوچەی شوێنەواری و سەتان هەزار پارچەی شوێنەواری دەدۆزرێنەوە. لە شنگال تا مەندەلی و خانەقین و هەموو ئەو ناوچانەی مادەی 140 دەیانگرێتەوە، تا ئێستە وەك پێویست كاری رووپێوی و كنە و پشكنینی شوێنەوارییان بۆ ئەنجام نەدراوە".
خورشید بۆ "وشە" روونی دەكاتەوە، "ئەگەر كار بۆ ئەم ناوچانە ئەنجام بدرێت، بەدڵنیایییەوە مێژوویەكی نوێ بۆ شوێنەواری كوردستان تۆمار دەكرێ و كوردستان لە ڕووی شوێنەوارییەوە دەوڵەمەندتر دەبێت، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەم بابەتەش ئەنجامدانی كاری رووپێوی شوێنەواری نوێیە لە شارۆكەی مەخموور كە لەلایەن تیمی شوێنەواری زانكۆی "هارڤارد"ی ئەمەریكایی ئەنجام دراوە و دەركەوتووە لە هەر كیلۆمەترێك ناوچەیەكی شوێنەواری تێدایە، بۆیە لەگەڵ سەربەخۆیی لاپەڕەیەكی نوێ لە مێژووی گەلی كورد دەنووسرێتەوە و دەبێتە سەرچاوەیەكی نوێ لە بواری شوێنەواری".
نەبوونی یاسای شوێنەواری یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی شوێنەواری كوردستانە، بەڵام كەیفی عەلی بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەوار، باس لە پیلانێكی تۆكمە دەكات كە بە پێویستی دەزانێت پاش ریفراندۆم و سەربەخۆیی كار لەسەر دەركردنی یاسایەكی تایبەت بۆ شوێنەواری كوردستان بكرێت و بەپێی ئەو یاسایە بڕیاری شوێنەواری دەربكرێت.
چارەنووسی ئەو پارچە شوێنەوارییانەی لە مۆزەخانەی بەغدان و هەروەها سایتە شوێنەوارییەكانی ناو سنووری مادەی 140، پێوەندییەكی راستەوخۆی بە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیییەوە هەیە.
زانا رۆستایی ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی چارەنووسی شوێنەوار و پارچە شوێنەوارییەكانی ژێر دەسەڵاتی عێراق، بە"وشە"ی راگەیاند، "دیاریكردنی چارەنووسی شوێنەوار و ئەو پارچە شوێنەوارییانەی لەژێر دەسەڵاتی عێراقدان، لە پاش ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەكەوێتە سەر پێوەندییەكانی دەرەوەی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی".
"بۆ ئەوەی ئەو پارچە شوێنەوارییانەی لەژێر دەسەڵاتی بەغدان بێنە گەڕاندنەوە بۆ كوردستان، پێویستمان بە پێوەندییەكی باش هەیە، واتا ئەگەر پێوەندییەكان باش بن باشتر دەتوانین ئەم كارە جێبەجێ بكەین، بەڵام بە تێكچوونی پێوەندییەكان كێشەكە ئاڵۆزتر دەبێت و ئەو كات ئێمە دەبێت بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان داوای مافی خۆمان بكەین" رۆستایی وای گوت.
سنزوری كوردستان یەكێك لە گرنگترین ناوچە شوێنەوارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بە دۆزینەوەی رۆژانەی پارچە شوێنەواری گرنگ و تۆماركردنی سایتی شوێنەواری نوێ، وەك لانكەی شارستانیی سەلمێنراوە.
وشە/ سارا سەردار